فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە پیشانگەى TECHFEST بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا دەکەن
لە شارى سلێمانى ژمارەیەک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە فیستیڤاڵ و پیشانگەى (TECHFEST) بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا کرد.
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٢١/٨/ ٢٠٢١) بەئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، دکتۆر ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دووەمین فیستیڤاڵ و پیشانگەى (TECHFEST) بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆجیا کرایەوە .
لەو پیشانگەیەدا ژمارەیەک لە فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەژمارەیەک پڕۆژە بەشدارییان تێدا کرد.
لەمیانەى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکەى زانکۆى جیهان-هەولێر جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرسامى خۆیان بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەکە پیشاندا و دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، هەروەک هانیشیدان کە بەردەوام بن لە پەرەپێدان بەپڕۆژە تەکنەلۆژییەکانیان بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنى بوارى زانست و تەکنەلۆژیا.
فیستیڤاڵ و پیشانگەى (TECHFEST) بۆ كێبڕكێی تەكنەلۆجیا بۆ ساڵى دووەمە لەلایەن رێكخراوی بیری نوێ و تیمی گەنجانی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانى هەرێمى کوردستان رێكخراوە و ئامانج لە کردنەوەى ناساندنی گەنجانی داھێنەر و خاوەن بیرۆكەیە بە كۆمپانیاكان.