دامەزراوەیەکى ئەکادیمى تورکى ئەخوازێ پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر بونیاد بنێ
بۆ فروانکردنى زیاترى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیەکانى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە گرنگەکانى جیهان، لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو، کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتى سوودوەرگرتن لە ئەزمونى یەکتر و بونیادنانى پەیوەندییەکى تەندروست کرا.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێکەوتى (١١/٨/٢٠٢١) لە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە نێوان پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، مەعاز سالم عەبدول ڕەحمان سەرۆکى ئەکادیمیایی نێودەوڵەتى بۆ سەرکردایەتى و پەرەپێدان بەئامادەبونى دکتۆر عەبدولستار یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و دکتۆر ئەحمەد عەبدلعەون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى بەڕێوەچو، چەندین بابەتێک هاوبەش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لەسەرەتادا سەرۆکى ئەکادیمیایی نێودەوڵەتى بۆ سەرکردایەتى و پەرەپێدان کورتەیەکى لەسەر کاروچالاکى دامەزراوەکەیان باسکرد وتى: دامەزراوەکەمان دامەزراوەیەکى ئەکادیمى تورکى عێراقیە، ئۆفیسى سەرەکیمان لە ئیستەنبوڵە و زیاتر لە بوارى سکۆلەرشیپ کار دەکەین و، بەهۆیەوەتا ئێستا توانیومان چەندین سکۆلەرشیپ لە زانکۆکانى تورکیا بۆ فێرخوازان و دەرچووانى زانکۆکانى عێراق بەدەست بهێنین، هەر لە میانەى قسەکانیدا سەرۆکى شاندەکە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر خستەڕوو، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە شانبەشانى دامەزراوە زانستیەکانى دیکەى عێراق، ئەخوازن لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر پەیوەندییەکى دروست بونیاد بنێن.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان کورتەیەکى لەسەر مێژوى دامەزراندن و چۆنیەتى گەشەکردنى زانکۆکە لەڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى باسکرد، ئەوەشى ڕاگەیاند: بەپێیى دواین ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان، زانکۆى جیهان-هەولێر پێشەنگى زانکۆ تایبەتەکانى کوردستانە، وتیشى لە زانکۆکەماندا کۆمەڵێک فیرخوازى وڵاتانى دیکە هەیە، بەڵام لە ئاست خواستى ئێمەدا نیە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر خۆشحاڵى خۆى بۆ خستنەڕووى بیرۆکە و ئامانجى شاندەکە بۆ زانکۆکەیان خستەڕوو، ئامادەیی زانکۆکەشى بۆ هەر جۆرە هاوکارى و هەماهەنگیەک دوپاتکردەوە، بۆ ئەوەش گفتوگۆ لەسەر میکانزم و ڕێگەى گونجاو کرا و، چەند پێشنیازێکیش بۆ ئەو مەبەستە گەڵاڵە کرا.