
فێرخوازانى زانکۆی جیهان هەولێر، بەگەشتێکى زانستى مۆزەخانەى زانستى (جەستە جیهانەکان ئەمستەردام) بەسەردەکەنەوە
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٢٨/١٢/٢٠٢٤) گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە پێکهاتبوون لە سیبان نەوزاد ئیسماعیل لە بەشی (شیکاریی کیمیایی پزیشکى) و، شیوەر رژدى محەمەد لە بەشى (پەروەردەى گشتى)، کە لە ئێستادا زانکۆى وۆچ (University of Lodz) لە پۆڵندا دەخوێنن، سەردانى مۆزەخانەى زانستى جەستە جیهانەکان ئەمستەردام (Body Worlds Amsterdam)یان کرد و بەشەکانیان بەسەرکردەوە.
فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى مۆزەخانەکاندا لە نزیکەوە ئاشنایی بەشە جیاوازەکانى پێکهاتەى جەستەى مرۆڤ بوون، وەک فێرخوازان ئاماژەیان پێدا لە مۆزەخانەکەدا تەندروستی، وەرزش، خۆراک و ئەناتۆمی مرۆڤى تێدا، کە بەهۆیەوە گرنگی بەناسین و بەختەوەری و ئاسودییەکانى جەستەی مرۆڤ دەکرێت، ڕونیشیان کردەوە مۆزەخانەکە ئەزمونێکى ناوازەى زانستیە بەتایبەت بۆ فێرخوازان و هەموو ئەوانەى گرنگى بە جەستە و پێکهاتەکەى دەدەن، ئەوەشى بووە جێى سەرەنجى فێرخوازان نمایشکردنى پێکهاتەى مرۆڤ بوو بەشێوەیەکى زانستى، هەروەک شیکردنەوەى لایەنە جۆراوجۆرەکانى هەریەک لە بەشەکانیش دیمەنێکى زانستى ترى بەخشیبووە مۆزەخانەکە.
مۆزەخانەى زانستى جەستە جیهانەکان ئەمستەردام (Body Worlds Amsterdam) لەلایەن دکتۆر گونتەر ڤۆن هاگنسەوە (Dr. Gunther von Hagens) لە ساڵى (١٩٩٥) دروستکراوە و، تا ئێستا نزیکەی (٤٠) ملیۆن کەس سەردانی مۆزەخانەکەیان کردووە. دکتۆر گونتەر ڤۆن هاگنس لە ساڵی (١٩٧٧) پرۆسەی پلاستیناسیۆن (plastination)ی لە زانکۆی هایدلبێرگ داهێنا، پلاستیناسیۆن بریتییە لەو پرۆسەیەی کە جەستەی ڕاستەقینەی مرۆڤی تێدا دەپارێزرێت بۆ توێژینەوەى زانستی و پەروەردەی پزیشکی. لە کاتێکدا کارەکانی چەندین جار کۆپی کراوە، بەڵام داهێنانەکەى هێشتا جێى سەرەنجە و لە باشترینەکانە.