فێرخوازانى ڕاگەیاندن ئاشناى کارکردن لە چاپخانە دەکرێن
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (30/11/2022)، سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتی یاریدەدەری مامۆستا عومەر حەسەن فەهمی، سەردانێکى زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ چاپخانەی شەهاب لە شاری هەولێر ڕێکخست.
مامۆستاى سەرپەرشتیار و فێرخوازان دواى ئەوەى بەگەرمى لەلایەن (ئەردەلان عەبدالرحمان) بەڕێوەبەرى چاپخانەى شەهاب پێشوازییان لێکرا، ئینجا بەشەکانی چاپخانەکەیان بەسەرکردەوە، پاشان لەلایەن بەڕێوەبەرى چاپخانەکە کورتەیەک لەبارەى مێژوى چاپ و چاپخانە پێشکەش بەفێرخوازان کرا، دواتر باسى پرۆسەی ئامادەکردنی چاپکردنى بۆ فێرخوازان کرد، ڕونیشیکردەوە لە کارى چاپخانەدا دیزاینکردن یەکێکە لە هەنگاوە گرنگ و بەراییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش باسى لە چۆنێتی دیزاین و شێوازى دیزاینکردن لەسەر سلایدی ئۆفسێت و ئامادەکردنی بۆ لکاندنی بە ئامێرى چاپکردن و دانانى ڕەنگى گونجاو بەشێوەیەکى پراکتیکى بۆ فێرخوازان ڕونکردەوە.
لە وێستگەیەکى دیکەى ئەو گەشتە زانستیەیاندا، فێرخوازان ئاشناى چۆنیەتى بڕینی کاغەزی چاپکراو و چۆنیەتی کارکردنی ئامێرى تایبەت بەو کارەکە کران، لەگەڵ ئاشناکردن بەقۆناغی کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بەرگ بۆ چاپکردن و پرۆسەی لێدان و بەرهەمهێنانی کۆتایی.
لە میانی گەشتە زانستیەکەیاندا، فێرخوازان کارلێکیان لەگەڵ باب و میکانزمەکانى کارکردن لە چاپخانە کرد و پرسیاری زۆریان لەسەر پرۆسەی چاپکردن و قۆناغەکانی و چۆنیەتی کارکردن ئاراستەى بەڕێوەبەرى چاپخانەکە کرد و، ئەویش بەوردى وەڵامى سەرەنج و پرسیارەکانى فێرخوازانى دایەوە.