فێرخوازێکى بەشی ڕاگەیاندن لە تورکیا بەشداری لە کۆنفرانسێکى ژنان دەکات
سورا سامی ساڵح کە فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندنە لە زانکۆی جیهان – هەولێر، لە شاری یالۆڤای تورکیا بەشدارى لە یەکەمین کۆنفرانسی پیشانگە ژنان کرد.
لەو کۆنفرانسەدا، کە لەلایەن ڕێکخراوی ئەلشەرق بۆ ڕۆشنبیری و گەشەپێدان و ڕاگەیاندن بەناونیشانى (سەرکردایەتی ژنان لە نێوان ڕەسەنایەتی و هاوچەرخدا) ئامادەکرابوو، چەند کەسایەتی و ڕۆژنامەوان و میدیاکارى دیار و سیاسەتمەدار و مافناس ئەکادیمیست و کەسایەتییە هونەری دیارەکانی کۆمەڵگای عێراق ئامادەیبون، چەندین چالاکى جۆراوجۆرى لە خۆگرتبوو.
ئامانجی سەرەکى کۆنفرانسەکەش پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی ژنانی عێراق بوو، هەربۆیە لە میانی بەڕێوەچوونى کۆنفرانسەکەدا باشترین پڕۆژەى بەشداربووان خرایەڕوو، کە دواتر لەڕووی داراییەوە کۆنفرانس پاڵپشتی دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە پێناو خزمەتگەیاندن بە توانا و لێهاتوویی کچان و ژنانى عێراق.
لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا پیشانگەیەکی هونەری شێوەکارى نمایش کرا، لەو چوارچێوەیەشدا سورا سامی ساڵح فێرخوازى قۆناغی سێیەمی بەشی ڕاگەیاندن وەک ڕاگەیاندنکارێک و هونەرمەندێکى شێوەکارى بەشێک لە بەرهەمەکانى لەو پیشانگەیەدا نمایش کرد، لە کۆتایشدا کۆنفرانسەکە لۆگۆى ڕێزلێنانى پێشکەش بەو فێرخوازەى بەشی ڕاگەیاندن کرد، لە بەرامبەر کارە میدیایی و هونەرییەکانى بۆ خزمەتکردن بە پرسەکانی ژنان و گەشەپێدانی تواناکانیان.