فێرخوازانی بەشى ئەندازیاری دیزاینی ناوخۆیی ئاشناى ستایلی تەلارسازی و دیزاینی ناوخۆی ئیسلامی لە مزگەوتی “جەلیل خەیات” دەبن
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (١٧ی شوباتی ٢٠٢٦)، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ئەندازیاریی دیزاینی ناوخۆ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانێکی زانستیی مەیدانییان بۆ مزگەوتی (جەلیل خەیات) لە شاری هەولێر ئەنجامدا.
ئەم چالاکییە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەوس ئەحمەد عەبدولحەمید) بەڕێوەچوو، شاندی زانکۆ لەلایەن (سالار ڕەشید محەمەد) بەڕێوەبەرى کارگێڕی مزگەوتی جەلیل خەیات بە فەرمی پێشوازییان لێکرا. لە وتەیەکدا کورتەیەکی لەسەر مێژووی بونیادنانی مزگەوتەکە، بیرۆکەی تەلارسازی و پێکهاتە کارگێڕییەکەی خستە ڕوو. دواتر ڕوونکردنەوەی وردی دەربارەی دابەشبوونی وهزیفی بیناکە دا، لەوانە: باخچە دەرەکییەکان، شوێنی دەستنوێژگرتن، حەوشەی ناوەندی، هۆڵی بۆنەکان و هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن. پاشانیش فێرخوازان لە نزیکەوە ئاشنای توحمە تەلارسازى و زەخرەفەی ئیسلامیەکانى مزگەوتەکە بوون، بەتایبەت دیزاینی میحراب، مینبەر، ستوونەکان، کەوانەکان (Arches)، منارەکان و قوبەی سەرەکی.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەدا، لایەنە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە ڕێکخستنی فەزایی، هاوسەنگی (Symmetry)، ستراتیژیی ڕووناکی و جۆری کەرەستە بەکارهاتووەکان بۆ فێرخوازان لە بواری دیزاینی ناوخۆی ئیسلامیدا شیکرانەوە. چالاکییەکە بە دانیشتنێکی گفتوگۆیی کۆتایی هات، کە تێیدا فێرخوازان چەندین پرسیاری پسپۆڕییان دەربارەی نەخشە ئەندازەییە ئیسلامییەکان، میکانیزمی بونیادنانی قوبەکان و تێکەڵکردنی توخمە زەخرەفەییەکان ئاراستە کرد.






