فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە كتێبخانەی ئاشتی بەدواداچوون بۆ لایەنە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان دەکەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 22-1-2026، بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) سەردانێكی زانستییان بۆ كتێبخانەی ئاشتیی لە شاری هەولێر ئەنجام دا.
مامۆستای سەرپەرشتیار و فێرخوازان، كە پێكهاتبوون لە فێرخوازانی قۆناغەكانی یەكەم، دووەم و سێهەم، لەلایەن (كەریمخان شێركۆ) بەڕێوەبەری كتێبخانەی ئاشتی پێشوازییان لێ كرا و، خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی بەشی ڕاگەیاندنی زانكۆی حیهان-هەولێر دەربڕی بۆ ناوەندەكەیان. پاشان تیشكی خستە سەر دوایین گۆڕانكارییەكانی كاری چاپ و بڵاوكردنەوە و دۆخى خوێندنەوە لەنێو فێرخوازانی زانكۆدا، هاوکات باسی لە ڕۆڵی كتێب كرد لە بەرزكردنەوەی ئاستیی ڕۆشنبیریی و هۆشیاریی فێرخوازانی زانكۆ، بەتایبەت بۆ كەسی ڕاگەیاندنكار، لە ڕووی ڕەوانبێژیی و دەوڵەمەندکردنی زەخیرەی وشە و زانیارییەکانى. هەروەک خوێندنەوە یارمەتی دەدات لە پەرەپێدانی کارامەیی نووسین، فراوانکردنی زانیاری، بەرزکردنەوەی توانای شیکردنەوە، ناسینی کەلتوور و کۆمەڵگە، هەروەها پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی.
لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكەدا، (کەریمخان شێركۆ) ئاماژەی بە چالاکییەکانی کتێبخانەی ئاشتی کرد، وەک بەشداریکردن لە پیشانگەی نێودەوڵەتی کتێب، ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ نووسەران و، هاوکاریی لەگەڵ زانکۆ و قوتابخانەکان بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆحییەتی خوێندنەوە لەنێو فێرخوازاندا.
پاشان، فێرخوازان گەشتێكیان بەنێو كتێبخانەكەدا ئەنجام دا و سەردانیی بەشی کتێبە کوردییەکانیان کرد کە کۆمەڵێکی بەرچاوی بەرهەمی نووسەرانی کورد لەخۆدەگرێت، لە شیعر و چیرۆک و ڕۆمان تا لێکۆڵینەوە زانستی و مێژووییەکان. هەروەها سەردانیی بەشی کتێبە عەرەبی و ئینگلیزییەکانیان کرد کە بەرهەمی جیهانی و وەرگێڕدراو لەخۆدەگرن. لەكۆتایی چالاكییەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار پێزانینی خۆی بۆ ئەو پێشوازییەی كتێبخانەی ئاشتی ئاڕاستەی كەریمخان شێركۆ كرد.







