لە بەشى ڕاگەیاندن دووەمین پیشانگەى فۆتۆگرافى فێرخوازان کرایەوە
لە درێژەى کار و چالاکیەکانى سەرۆکایەتى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ دەرخستنى توانا و لێهاتووى فێرخوازان لە بوارە جیاکان و، پراکتیزەکردنى وانەکان، دووەمین پیشانگەى فۆتۆگرافى بۆ فێرخوازانى بەشەکە کردەوە.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٤/٢٠٢١) لەلایەن مامۆستا (ئامانج عەلى عوسمان) سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن بەوەکالەت و، ئامادەبوونى مامۆستایان و فێرخوازانى بەشەکە، دووەمین پیشانگەى فۆتۆگرافى فێرخوازانى قۆناغى یەکەمى بەشى ڕاگەیاندن کرایەوە.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى پیشانگەکەدا، سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن دەستخۆش لە فێرخوازان کرد و، ستایشى هەوڵ و تواناى مامۆستایانیشى کرد بۆ پەرەپێدان بەتوانا و لێهاتوویە جۆراجۆرەکانى فێرخوازان لە بوارى ڕاگەیاندن.
لەو پیشانگەیەدا، هەریەک لە فێرخوازان بە وێنەیەکى فۆتۆگرافى، کە گوزارشتى لە بەشێک یان ناوچەیەک لە ناوچەکانى کوردستان دەکرد، بەشداریان تێدا کردبوو، وێنەکان بەهەستێکى هونەرى ڕۆژنامەوانى پرۆفێشناڵ کاریان لەسەر کرابوو، هەربۆیە بووە جێگەى سەرەنجى ئامادەبووان.
لە ماوەى سێ مانگى ڕابردوودا، ئەوە بۆ جارى دووەمە، فێرخوازانى قۆناغى یەکەم بەشدارى لە پیشانگەى فۆتۆگرافى بەشەکەیان دەکەن، ئەم بەشداریکردنەشیان ئاماژەیەکى ڕوونە بۆ موکڕى فێرخوازان بۆ فێربوون و پەرەپێدانى توانا ڕۆژنامەوانیەکانیان لە بوارە جیاوازەکانى ڕاگەیاندن.