لە زانکۆى جیهان-هەولێر یادى ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوەی بەفیڕۆچوون و لەدەست دانی خۆراک دەکاتەوە
ڕۆژى (٢٩/٩)ى هەموو ساڵێک لەلایەن کۆمەڵەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی (٢٠١٩) لە (٧٤)ەمین دانیشتنیدا، بۆ ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوەی بەفیڕۆچوون و لەدەستدانی خۆراک دیاریکرا، چونکە گرنگی پرسی لەدەستدانی خۆراک و بەفیڕۆدانی لە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر باس بکرێت بۆ ئەوەی هەوڵ و کۆششە جیهانیەکان بەهێز بکرێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە.
بەپێى داتایەکى جیهانى نەتەوەیەکگرتووەکان لە سەر ئاستی جیهانیدا نزیکەی یەک لە سەر سێ کۆی بەرهەمی خۆراکی جیهانی بەفیڕۆ دەدرێت، بە شێوەیک لەسەدا (١٤%) لە نێوان کێلگە تا دەگاتە ناو سوپەرمارکتاکەن بەفێڕۆ دەچێ، هەروەها لە سەدا (١٧%) لە نێوان سوپەرمارکێتەکان تا دەگاتە نێو خێزانەکان بەفێڕۆدەڕوات (١١% لە نێو خێزانەکان، ٥% لە خزمەتگوزارییەکانی خۆراک و، ڕێژەى ٢%ش لە میانەى بازرگانیکردن بەفێڕۆ دەچێت).
بەفێڕۆچوونى ئەو ڕێژەى زۆرەى خۆراک بۆتە هۆکارى ئەوەى ڕێژەى خەڵکى برسیى و بێ نان بەخێرایی گەشە بکات، دیاریکردنى ئەو ڕۆژەش بەئامانجى دیاریکردنى سنورێکە بۆ بەفێڕۆدانى خۆراک.
لەو چوارچێوەیەدا و، بەئامانجى هۆشیارکردنەوەى فێرخوازان و تاکەکانى کۆمەڵگە بۆ بەفیڕۆنەدان و لەدەستنەدانی خۆراک ساڵانە بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەچالاکى جیا یادى ئەو ڕۆژە دەکاتەوە.
بۆ ئەمساڵ، لە ڕۆژى چوارشەممە، ڕێکەوتى (٢٩/٩/٢٠٢١) کە هاوکات بوو ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوەی بەفیڕۆچوون و لەدەست دانی خۆراک، بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر سمپۆزیۆمێکى بەناونیشانى “وەستاندنی لە دەستدانی خۆراک و پاشەڕۆ: بۆ خەڵکیش بۆ زەوى) بەڕێوەبرد.
لەو سیمپۆزیۆمەدا، کە لە هۆڵى (VIP) لە زانکۆى جیهان-هەولێر، بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ژمارەیەک لە مامۆستایان و پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە و فێرخوازانى بەشەکە بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا دکتۆر ساڵح مستەفا ساڵح سەرۆکى بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس بابەتێکى بەناونیشانى پاشماوەى خۆراک، ئاڵنگارى و دەرفەت پێشکەشکرد.
دواتر لەلایەن دکتۆر بەهناز شاهرۆخی سەهنه بابەتێکى دیکەى بەناونیشانى بەڕێوەبردن و بەرەنگاربوونەوەی برسێتی پێشکەشکرا.
لە میانەى پێشکەشکردنى بابەتەکانیاندا بەوردى تیشکیان خستە سەر چۆنیەتى پاراستنى خۆراک و گرنگى پاراستنى هەر لە قۆناغى بەرهەمهێنان تا دەگاتە ئامادەکردن و خواردنى، ڕونیشیان کردەوە بەو ڕێگەیە ئێمە وەک مرۆڤ دەتوانین لە ڕووى کشتوکاڵى و ئابورى و مرۆیی و ژینگەیی خزمەت بە زەوى و مرۆڤایەتى بکەین.