پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ باڵیۆزى عێراق لە قەتەر کۆبوەوە
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٢٨/١١/٢٠٢٣) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، لە وڵاتى قەتەر سەردانى باڵیۆزخانەى عێراقى لەو وڵاتە کرد و، بەگەرمى لەلایەن دکتۆر محمد عيسى العيساوي باڵیۆزى عێراق لە دەوحە پێشوازى لێکرا.
لە میانەى دیدارێکدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر سوپاسى باڵیۆزى عێراقى لە دەوحە بۆ ئەو پێشوازییە کرد، پاشان پوختەیەک زانیارى لە بارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بە باڵیۆزى عێراق کرد، بەتایبەت ئەو پێشکەوتن و دەسکەوتە زانستیانەى لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە، ڕونیشیکردەوە خوێندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەزمانى ئینگلیزیە، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامانجى سەردانەکەى بۆ باڵیۆزخانەى عێراق لەو وڵاتە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: هاتوین ڕێگەمان بۆ بکەنەوە و هاوکارمان بن لە دروستکردنى هەماهەنگى و پەیوەندى زانستى لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى قەتەر بەتایبەت زانکۆکانى (قەتەر، دەوحە، حمد بن خەلیفە و لوسیل)کە لە زانکۆ ئاستبەرزەکانى جیهانى و قەتەرین.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ داواشى کرد بە بانگھیشتى ئەو زانکۆیانە بکەن بۆ ئەوەى سەردانى هەرێمى کوردستان و زانکۆى جیهان-هەولێر بکەن بۆ دامەزراندن و دروستکردنى پەیوەندییە زانستیەکان و ئاڵوگۆڕى فێرخواز و مامۆستایان و ئەنجامدانى کۆنفرانسى زانستى هاوبەش، هەروەک ئامادەیی زانکۆى جیهان-هەولێریشى پیشاندا بەسەرۆکایەتى شاندێک بۆ ئەو مەبەستە سەردانى ئەو زانکۆیانە بکەن؛ هاوکات سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر داواى کرد باڵێوزخانەى عێراق لە قەتەر و زانکۆکانى ئەو وڵاتە هەوڵى تەواو بدەن بۆ ڕەوانەکردنى فێرخوازى قەتەرى بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر بەو پێیى خوێندن بەزمانى ئینگلزیە و تێچوى خوێندنیش بەراورد بە وڵاتى قەتەر کەمترە.
لە بەرانبەر، دکتۆر محمد عيسى العيساوي باڵیۆزى عێراق لە دەوحە خۆشحاڵى خۆى بەو سەردانە پیشاندا و، ڕونیکردەوە وەک باڵیۆزخانەى عێراق نوسراوکى ڕەسمى ئاراستەى سەرجەم ئەو زانکۆیانە لە قەتەر دەکات، هەروەها نوسراوێکیش ئاراستەى کونسڵگەرى قەتەر لە هەرێمى کوردستان بۆ هەمان مەبەست دەکات، لەهەمان کاتدا لە پەیوەندى بەردەوامدا دەبێ لەگەڵ سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ دروستکردنى پەیوەندى و هەماهەنگى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و زانکۆ ئاستەبەرزەکانى وڵاتى قەتەر.