پەیامی پیرۆزبایی پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی
بە بۆنەى جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر پەیامێکى پیرۆزبایی ئاراستەى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ دەکات، ئەمەى خوارەوە دەقى پیرۆزباییەکەیە..
ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ
مامۆستایان و توێژەرانى ئازیز
فەرمانبەرانى بەڕێز
فێرخوازانى خۆشەویست
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی (2726)، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و، مامۆستایانی بەڕێز، فەرمانبەرانی دڵسۆز و فێرخوازانى ئازیزی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکەم. هەروەها ئەم جەژنە لە تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەم.
نەورۆز بۆ ئێمەی کورد تەنها گۆڕانی وەرز و ژیانەوەی سروشت نییە، بەڵکو هێمایەکی هەرە درەوشاوەی ناسنامەی نەتەوەیی، ئازادی و تێکۆشانە بۆ ژیانێکی شایستە. ئێمە لە کاتێکدا پێشوازی لەم جەژنە دەکەین، زانکۆی جیهان-هەولێر وەک ناوەندێکی پێشەنگی زانستی، بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و ئاراستەکردنی نەوەکانمان بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر. لێرەوە سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەی یەکە یەکەی ئێوە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆتان، زانکۆکەمانتان کردووەتە مەڵبەندی زانست و داهێنان. هیواخوازم ڕۆحییەتی نەورۆز و نوێبوونەوە، ببێتە هاندەری زیاترمان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورەتر لە کایە ئەکادیمی و کۆمەڵایەتییەکاندا.
لە خودای گەورە داواکارم ئەم جەژنە و ساڵی نوێی کوردی، ببێتە ساڵی کۆتاییهاتنی ناخۆشییەکان و هاتنەدی ئاواتەکانمان. هیوای تەندروستییەکی باش، ژیانێکی پڕ لە ئارامی و بەختەوەری بۆ هەموو لایەک دەخوازم. ئومێدەوارم پشووەکانی نەورۆز بە خۆشی و شادی لەگەڵ خێزان و ئازیزانتان بەسەر ببەن.
جەژنتان پیرۆز و کوردستانمان هەمیشە ئاوەدان بێت.
پڕۆفیسۆر
دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ
سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر





