گروپێک لە فێرخوازانى قوتابخانەی میدیا سەردانى بەشى بایۆمیدیکاڵ دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى (١ی ئازاری ٢٠٢٣)، گروپێک لە فێرخوازانى قوتابخانەى میدیا سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، لەلایەن دکتۆر عەلی محەمەد حسێن سەرۆکی بەشی بایۆمیدیکاڵ بەگەرمی پێشوازییان لێکرا.
دکتۆر عەلی محمد حسێن دواى بەخێرهێنانى مامۆستایانى سەرپەرشتیار و فێرخوازان کورتەیەکى لەبارەى بەشەکەیان و سیستمى خوێندن پێشکەش بەفێرخوازانى میوان کرد، بەتایبەت سیستمى بۆلۆنیا پرۆسیس بۆ ئەو مەبەستە باسى لە گرنگى ئەو سیستمە و چۆنیەتى پیادەکردنى لە پرۆسەى خوێندن بۆ فێرخوازان کرد، دواتریش تاقیگەکانى بەشەکەیان بەسەرکردەوە و، لەلایەن سەرپەرشتیارانى تاقیگەکە کورتەیەک لەبارەى کار و چالاکیەکانیان پێشکەش بەفێرخوازان کرا.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا؛ فێرخوازان کەمپسى زانکۆى جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشناى ژینگەى خوێندن لە زانکۆ بوون، بۆ ئەو مەبەستەش گەلەری هونەر، ماڵی ڕۆشنبیری، کافێ، چێشتخانە، کتێبخانە، و هۆڵى کۆنفرانسی نێودەوڵەتیان بەسەرکردەوە.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەشیاندا؛ لە هۆڵى کۆنفرانس دکتۆر عەلی محمد حسێن سەرۆکى بەشى بایۆمیدیکاڵ مەدالیاى ڕێز و سوپاسى پێشکەش بەمامۆستایانى سەرپەرشتیارى فێرخوازانى میوان کرد، لەهەمانکاتدا دیارى پێشکەش بەیەکە یەکەى فێرخوازان کرد.