گروپێک لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێكی هۆشیاریی سەبارەت بە مەترسییەكانی جگەرەكێشان بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكەوتی 22-1-2026 گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغى چوارەمى بەشی ڕاگەیاندن هەڵمەتێكی هۆشیارییان سەبارەت بە زیان و مەترسییەكانی جگەرەكێشان ئەنجام دا.
هەڵمەتەكە لەنێو پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) سەرپەرشتی ئەو هەڵمەتەی كرد و، هەریەكە لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن؛ ئاسۆ عەلی، زێرەڤان تەمۆ و تەنیا فەتاح بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا كرد. فێرخوازان بڵاوكراوەیەكی نووسراویان دابەشكرد كە ناونیشانەكەی بریتیی بوو لە “ئەو بكوژەی پارەی دەدەیتێ بۆئەوەی بتكوژێت”، هەروەها ناوەڕۆكی بڵاوكراوەكە باسكردن بوو لە مەترسییەكانی جگەرەكێشان بۆ سەر تەندرووستیی مرۆڤ و ئەو زیانانەی كە كەسی جگەرەكێش ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. لە بەشی كۆتایی ئەو بڵاوكراوەیەدا، بەشداربووان لەڕێگەی گۆڕانكارییە ئەرێنییە خێراكانی وازهێنان لە جگەرەكێشانەوە، ئومێدیان بەخشی بەو كەسانەی كە بڕیاری وازهێنان لەو “بكوژ”ـە دەدەن و بەرەو ژیانێكی تەندرووستتر هەنگاو دەنێن.
لە چالاكییەكەدا، هاوڵاتیان و ڕێبواران سوپاسی بەشداربووانی كرد بۆ ئامادەكردنی ناوەڕۆكی هەڵمەتەكە و جێبەجێكردنی، هەروەها هاندانی هاوڵاتییان بۆ وازهێنان لە جگەرەكێشان.







