بۆ ساڵى دووەم پڕۆژە نایابەکانى دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر نمایش کران
وەک بەشێک لە گرنگیدان بە توانا و شارەزایی و لێهاتووى دەرچووانى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بەمەبەستى پەرەپێدان کەلتورى پێشبڕکێى زانستى لە نێوان فێرخوازانى زانکۆ، لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى دووەم پڕۆژە نایابەکانى دەرچوانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) نماش کرا.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢١/٥/٢٠٢٣)، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، نمایشکردنى پڕۆژە نایابەکانى فێرخوازانى دوا قۆناغى خوێندن لەسەر ئاستى بەشە زانستیەکان کردەوە، پاشان هاوڕێ لەگەڵ ئەنجومەنى زانکۆ، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ یەک یەکەى پڕۆژەکانى بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە لە جۆر و ئامانج و دەرئەنجامى پڕۆژەکانى پرسى و گفتوگۆى لەگەڵ فێرخوازان و مامۆستایانى سەرپەرشتیار کرد.
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکیدا، کە دواى بەسەرکردنەوەى پرۆژە نایابەکان پێشکەشکرد، وتى: لەم بۆنە زانستیە گرنگەدا پیرۆزبایی لە فێرخوازان و سەرپەرشتیاران ومامۆستایان و سەرۆکایەتى بەشە زانستیەکان دەکەم، کە توانیوایانە فێرخوازى بە توانا لە زانکۆکەمان بۆ کۆمەڵگە پێبگەێنن، وتیشى بەڕاستى پڕۆژەکانتان پڕۆژەى نایابن، ئەمەش کۆتایی قۆناغێکى خوێندنتان و سەرەتاى قۆناغێکى دیکەى خوێندنتانە.
وتیشى بەتەواوبونى ئەم پڕۆژانەتان ئیتر نابێ بوەستن، بەڵکو دەبێ جیگەى خۆى بۆ بڵاوکردنەوە بگرێتەوە، ئینجا لە گۆڤارە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەلێر یان لە گۆڤارە نێودەوڵەتیەکان بێ، کە خاوەن ئیمپاکت فاکتەرى کاریگەرن، وتیشى ئێمە خاوەن ئەزمونێکى باشین لەو بوارە، چونکە کۆمەڵێک فێرخواز و دەرچومان هەیە توێژینەوەکانیان لە گۆڤارە ئاستەبەرزەکان متمانەیان بەدەستهێناوە و بڵاوکراوەتنەوە، ئەوەش دەسکەوتێکى زانستى گرنگە بۆ زانکۆى جیهان بەتایبەت و هەرێمى کوردستان بەگشتى، وتیشى ناشکرێ لە زانکۆیەک کە خاوەن ستافێکى زانستى بەتوانا و زیاتر لە (٥٠٠٠) پێنچ هەزار فێرخوازە نەتوانین کۆمەڵێک توێژینەوەى ئاستبەرز بڵاوبکەینەوە، ڕونیشیکردەوە ئەوە تەنها ئەرکى فێرخوازان نیە بەتەنها بەڵکو ئەرکى فێرخواز و مامۆستاى سەرپەرشتیار و بەشەکەش پێکەوە وەک تیمێک دەبێ ئەو کار بکەن، چونکە لە دنیایە هیچ زانکۆیەکى پێشکەوتوو تەنها پشت بەمامۆستایان نابەستێ.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەشێکى دیکەى وتەکەى تەرخانکرد بۆ ڕۆڵ و ئەرکى فێرخوازان دواى تەواوکردنى قۆناغەکانى خوێندن لە زانکۆ و بۆ ئەوەش ووتى: دەبێت لێرەوە هەنگاو بەرەو تەواوکردنى خوێندنى باڵا دەست پێ بکەن، وتیشى لە ماوەى مانەوەم لە پۆڵندا لە چەند ڕۆژى ڕابردودا خەمى من ئەوە بوو چۆن ڕێگەیەکتان بۆ بدۆزمەوە بۆ ئەوەى بتوانن لە وڵاتە خوێندنى باڵا تەواو بکەن، لە ئەنجامدا و دواى گفتوگۆکردن لەگەڵ سێ زانکۆى بەناوبانگ و ڕەسەنى ئەو وڵاتە توانیمان بگەینە ئەو ڕێککەوتنامەیەى کە لە چەند ڕۆژى داهاتودا ژمارەیەک لە فێرخوازانمان لەگەڵ مامۆستایان دەچنە پۆڵندا، هاوکات ژمارەیەک فەرمانبەر لە تۆمارى وەرگرتن دەچنە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەى ئۆفیسى ئەو زانکۆیان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بکەنەوە بۆ چۆنیەتى ڕەوانەکردنى دەرچوانمان بۆ زانکۆکانى پۆڵندا بۆ تەواوکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، ئاشکراشیکرد ئەو دەرگایە بەڕووى هەموو بەش و پسپۆڕییەکان کراوەیە. سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕاشیگەیاند: هەر بۆ ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى باڵا بۆ دەرچوانمان لەگەڵ ڕاگەیاندنى خوێندنى باڵا لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان پڕۆژەیەکمان بۆ دەرچوانمان ڕاگەیاندوە و پشتگیرى ماددى دەرچوانمان دەکەین تا بتوانن لە ناوخۆى وڵات درێژە بەخوێندن بدەن و دواتریش ببنە ستافى زانستى زانکۆ.
هەر لە وتارەکەیدا بۆ ئامادەبووان و میوانان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕووى لە خاوەن پڕۆژە نایابەکان کرد و ڕاگەیاند: کە نابێ پڕۆژەکانتان لێرەدا کۆتایی پێ بێ، بەڵکو پێویستە شوێنى کار لە بازاڕى کار بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکانتان بدۆزنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و بەشەکان و زانکۆى جیهان-هەولێر بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانى هەنگاوەکانتان دەبن و، بۆ هەمیشەش شانازیتان پێوە دەکەین.
واش بڕیارە سبەى دووشەممە بەشێکى دیکە لە پڕۆژە نایابەکانى دەرچوان لەسەر چەند ئاستێکى دیکەى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر نمایش بکرێ.