فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە سیمینارێكیان بۆ فێرخوازانی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دبلۆماسییەكان بەڕێوەبرد
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى 17/5/2023 فێرخوازانی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دبلۆماسییەكانی زانكۆی جیهان هەولێر بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر محمود اسماعیل محمد سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد و، لەلایەن دكتۆر ئازاد عبدالعزيز فقئ بەرپرسی كارگێڕێ پێشوازییان لێكرا.
پاشان لە هۆڵی كۆبونەوەكان دكتۆر سامان صدرالدين محمد ڕاوێژکاری باڵا بۆ کاروباری سیاسی و دیبلۆماسی سیمینارێكی دەربارەی كاری فەرمانگەكە و ڕۆڵی لە بەهێزتركردنی پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشكەش بە فێرخوازان كرد، بۆ ئەوەش سەرەتا كورتەیەكى دەربارەی مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێشکەش بەفێرخوازان کرد، پاشان باسى لە پێکهاتەى کارگێڕى فەرمانگەى پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان کرد وتى: ئەم فەرمانگەیە لە سێ بەڕێوەبەرایەتى پێك هاتووە، کە بریتین لە بەڕێوەبەرایەتى یاسا، بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى پرۆتۆكۆل ).
پاشان دكتۆر سامان صدرالدين محمد تیشكی خستە سەر كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرمانگەی دەرەوە بۆ پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەسەر ئاستی دەرەكی و ڕونی كردەوە، كە ئەوان وەك و حكومەتی هەرێمی كوردستان نایانەوێت ببن بەبەشێك لە كێشە نێودەوڵەتیەكان و نایەنەوێت لایەنگیری هیچ لایەنێك بن لە دژی ئەوانی تر.
سمینارەکە بەگفتوگۆیەکى زانستى نێوان فێرخوازان و ڕاوێژکاری باڵا بۆ کاروباری سیاسی و دیبلۆماسی لە فەرمانگەى پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەچەند پرسێکى تایبەت بەکاروبارى دبلۆماسى و سیاسى و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان تا درنگانێکى هەمان ڕۆژ درێژەى کێشا.