بەشی زانستی تاقیگەی پزیشکی یەکەمین چالاکى زانستى ئەنجامدا
بەشى تاقیگەى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، وەک بەشێکى نوێ و سەردەمیانە هاوشانى بەشە زانستیەکانى دیکەى زانکۆى جیهان-هەولێر، یەکەمین چالاکى زانستى ئەنجامدا.
ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٦/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى مامۆستا سەروان وەسمان سەرۆکى بەشى تاقیگەى پزیشکى و، بەئامادەبونى دکتۆر ئەنەس ئەخورى و، دکتۆر طارق فاروق، یەکەمین چالاکى زانستى بەگەشتێکى زانستى بۆ تاقیگەى ناوەندى هەولێر دەستپێکرد.
مامۆستایان و فێرخوازانى قۆناخى یەکەمى بەشى زانستى تاقیگەى پزیشکى دواى ئەوەى لەلایەن بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانى بەڕێوەبەرایەتى تاقیگەى ناوەندى پێشوازیان لێکرا، ئینجا شەش تاقیگەى جیاوازیان بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە ئاشنای کارى تاقیگە بوون، هەروەک لەلایەن سەرپەرشتیارانى تاقیگەکە ڕونکردنەوەى پێویست لەبارەى جۆرەکانى پشکنین و چۆنیەتى پشکنین و ئەو ئامێرانەى لە تاقیگەکانیان کارى پشکنینى پێ دەکرێ پێشکەشى فێرخوازان کرا.
فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکاندا، گفتوگۆیان لەگەڵ سەرپەرشتیاران کرد و، باسى ئەو پێداویستیانەیان کرد، کە گرنگە لە ژیانى ئەکادیمى و خوێندن بایەخى پێ بدەن تا بتوانن لە دواى خوێندنى زانکۆ کارئاسانیان بۆ بکات.