فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ سەردانى نەخۆشخانەى سەردەم دەکەن
لە بەردەوامى کار و چالاکیە زانستیەکانى بەشى بایۆمیدکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر، گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناخى سێیەم ڕێکخست.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (١٧/٣/٢٠٢٢) بەسەرپەرشتى خاتوو هێڤى سیروان غەفور، فێرخوازانى قۆناخى سێیەم سەردانى نەخۆشخانەى سەردەمیان لە شارى هەولێر کرد و، لەلایەن ڕێباز محەمەد سادق یەکێک لە ستافى بەڕێوەبەرانى نەخۆشخانەکە پێشوازیان لێکرا.
پاش بەخێرهێنانی فێرخوازان، گەڕانێکیان بەناو نەخۆشخانەکەدا کرد و، لە نزیکەوە فێرخوازان ئاشناى کاروبارەکانى ڕۆژانەى نەخۆشخانە کران، بەتایبەت کارکردن لە تاقیگە و دیاریکردنى جۆرى نەخۆشى، بۆ ئەوەش لەلایەن سەرپەرشتیارانى نەخۆشخانەکە باس لەو ئامێرانە کرا، کە لە تاقیگەکانیاندا بۆ پشکنینى نەخۆش بەکارى دەهێنن، هەروەک باس لەو میکانزمانەش کرا، کە پەیڕەوى دەکەن لە وەرگرتنى سمپڵى نەخۆشیەکان کرا تا بتوانن بە وردی نەخۆشیەکان دەستنیشان بکەن.
وێستگەى دووەمى سەردانەکەیان بەسەرکردنەوەى بەشى فریاکەوتنى نەخۆشخانەکە بوو، بۆ ئەوەش فێرخوازان توانیان زانیارى پێویست لەبارەى چۆنیەتى پێشوازیکردن لە نەخۆش و ئەو میکانزمانە بەدەست بهێنن، کە لەبەشى فریاکەوتنى هەر نەخۆشخانەیەک پەیڕەو دەکرێ بۆ ڕزگارکردنى گیانى قوربانیان بەتایبەت کە لەکاتى کتوپڕدا سەردانى ئەو بەشە دەکەن.