زانکۆی جیهان-هەولێر بەشداری لە کارەکانی لێژنەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکات
بەئامانجى چۆنیەتى جێبەجێکردنى پێشنیاز و ڕاسپاردەکانى دیدارى ڕێكخستنەوە و پێداچوونەوەی پڕۆگرامی خوێندن لە كۆلێژە پەروەردەییەكان، بەئامادەبونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەداداچوون و، پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ژاڵە سەعید خەتات بەڕێوبەری گشتی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و، پڕۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلى سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و، دکتۆر ئەحمەد عبدالعون بە نوێنەرایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر و، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی پەروەردە و، ڕاگرى کۆلێژەکانى پەروەرەدە کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٨/٨/٢٠٢٤) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى بەڕێوەچوو، باس لە گرنگی پێداچونەوە و ڕێكخستنەوەی پڕۆگرامی خوێندن لە كۆلێژە پەروەردەییەكان كرا، بەتایبەت کردنەوەى بەشی نوێ لە كۆلێژە پەروەردەییەکان بەپێی گرنگی و پێویستی وەزارەتی پەروەردە، بە جۆرێک دەرچووانی كۆلێژەكە هەلی كاریان لە ناوەندە پەروەردەییەكان بۆ بڕخسێت، بۆ ئەوەش بە گرنگیەوە ئاماژەی بەكاری هاوبەشى نێوان هەردوو وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە،
هەر لە میانەى کۆبونەوەکەدا، نوێنەرى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى ئەوەى بە بایەخەوە باسى لە گرنگى هەماهەنگى و کارى پێکەوەیی نێوان وەزارەتى پەروەردە و کۆلێژ و بەشە پەروەردەییەکان کرد، ئاماژەى بەو کاروچالاکیانەش کرد، کە زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە ئەنجامى داوە بەتایبەت لە کردنەوەى خولى جۆراوجۆر بەگشتى و سێ خولى پێداگۆجى بۆ مامۆستایانى پەروەردە، هەروەک جەختى لە پێویستى زیاترى پەیوەندییەکان کردەوە بەئاراستەى پێگەیاندنى مامۆستاى کارامە و پێگەیاندنى فێرخوازى بەتوانا.