فێرخوازانى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر بەسەردانێکی زانستی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ بەسەردەکەنەوە
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (16/5/2023)، فێرخوازانى قۆناغی سێیەمی بەشی ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستا غەسان ئیمانوێل سەلیم سەردانی کۆمپانیای ئاسیاسێڵیان بۆ پەیوەندییەکان کرد.
مامۆستاى سەرپەرشتیارى و فێرخوازان لەلایەن خاتوو دێکان بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان پێشوازییان لێکرا ، لە میانەى کۆبونەوەیەکدا خاتوو دێکان باسى لە کارى کۆمپانیاکەیان و پێکهاتە و بەشەکانی کۆمپانیاکەیانى بۆ فێرخوازان کرد، لەهەمانکاتدا بە گرنگییەوە باسى لە چۆنیەتی داڕشتنی پلانی کارى کۆمپانیاکەیانى کرد.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان بەشی تەکنەلۆجیا و ناوەندەکانی داتاى کۆمپانیاکەیان بەسەرکردەوە، بەو هۆیەوە جگە لە ئاشنابوون بەو ئامێرانەى کە لە کۆمپانیاکەدا بۆ باشتر ڕایکردنى پەیوەندییەکان بەکاردەهێندرێن، لەهەمان کاتدا لەلایەن کارمەندانى بەشەکە فێرخوازان ئاشناى شێوازی بەستنەوەیان بە یەکترى کران، لەگەڵ جۆرى ئەو کێبڵانەى لە ناوەندەکانی داتا بەکارهێنراون.
لە کۆتا وێستگەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان لەلایەن عوسمان احمد ئەندازیاری پەیوەندییەکانی ئاسیا سێڵ پێشوازییان لێکرا، ئەویش لاى خۆیەوە باسى لە شێوازی کاری ئەندازیاری لە ناوەندەکانی داتادا کرد، هەروەها باسى لە گرنگترین تایبەتمەندییە نێودەوڵەتییەکانی پێویست بۆ کارکردن لە تۆڕەکانی نەوەی چوارەم و پێنجەم کرد.