فێرخوازانى بەشى یاسا لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى دادگای کار لە هەولێر دەکەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى 16-2-2025 و، لە چوارچێوەی ئەو چالاکییە زانستیانەی کە لە لایەن کۆلێژی یاسا لە زانکۆی جیهانی هەولێر بۆ فێرخوازان لە قۆناغە جیاکان ڕێکدەخرێ، فێرخوازانى قۆناغی پێنجەمی بەشی یاسا، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەر (ئاڤان موحسین ڕەشید)، بە سەردانێکی زانستى دادگای دادگای کایان لە شارى هەولێر بەسەرکردەوە.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن دادوەر (فاخر صابر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە پێشوازییان لێکرا، پاشان کۆمەڵێک زانیارى لەبارەى ڕەوتی کارەکان لەناو دادگادا بە گشتی و دادگاى کار بەتایبەت بۆ فێرخوازان باسکرد، هەروەک فێرخوازانى ئاشناکرد بە ڕێکارە یاسایی و دادوەرییەکان، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندییان بە کەیسەکانی کارەوە هەیە. لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا فێرخوازان زانیارى تەواویان لەبارەى پێکهاتەى دادگاى کار و بەشە جیاوازەکانی پێشکەشکرا. دواتریش مامۆستاى سەرپەرشتیار (ئاڤان موحسین ڕەشید) باسى لە جۆرەکانی ئەو کەیسانە کرد، کە دەگەنە دادگای کار، بۆ ئەو مەبەستەش بەوردى باسى لە زاراوە و چەمکە سەرەکییەکان لە یاسای کار کرد، لەوانە ماف و ئەرکەکانی کرێکار و خاوەنکار، دەستەبەری کۆمەڵایەتی، گرێبەستی دامەزراندن، قەرەبووکردنەوە و، چەندین بابەتی دیکەی جێی سەرنجی پارێزەران لە دادگای کار، لەهەمان کاتدا ڕونکردنەوەى ڕۆڵی دادوەر و پارێزەر لە پرۆسەی دادوەریدا لایەنێکى دیکەى باسەکە بوو.
لە کۆتاییدا فێرخوازان لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتیار گفتوگۆیان لەبارەى چەند لایەنێکى دیکەى دۆسیەى کار و بابەتە دادوەرییەکان کرد، بۆ ئەوەش مامۆستاى سەرپەرشتیار بە هێنانەوەى کۆمەڵێک نموونەى زیندو وەڵامى پرسیار و گفتوگۆیەکانى فێرخوازانى دایەوە.