فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن گەورەترین ناوەندی گەنجان لە شاری هەولێر بەسەردەكەنەوە
ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 21-4-2026، گرووپێك لە فێرخوازانی قۆناغەكانی دووەم و سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (احمد جمال حمەكریم)، گەشتێكی زانستییان بۆ ناوەندی گەنجان (Youth Hub) لە شاری هەولێر ئەنجام دا، كە بە یەكێك لە گەورەترین و پێشكەوتووترین ناوەندەكانی گەنجان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەندرێت.
لە دەستپێكی گەشتەكەیاندا، (عەلی عومەر) بەڕێوەبەری كارگێڕیی ناوەندی گەنجان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، ڕێبەریی فێرخوازانی كرد بۆ ئاشنابوون بە بەش و خزمەتگوزارییە جیاوازەكانی ناوەندەكە. لەو چوارچێوەیەدا، فێرخوازان بەشە جیاوازەكانی ناوەندەكەیان بەسەركردەوە، لەوانە: (ژووری تایبەت بە دایەلۆگ و گفتوگۆ، شوێنی گەلەری و پێشانگا، ژووری ڕاهێنان، شوێنی پۆدكاست، تاقیگەی كۆمپیوتەر، هۆڵی كۆنفڕانس و كتێبخانە گەورە و ناوازەكەی ناوەندەكە).
لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەدا، بەڕێوەبەری كارگێڕی ناوەندەکە سەرجەم خزمەتگوزاریی و دەرفەتە تایبەتەكانی ناوەندەكەی بۆ فێرخوازان روونكردەوە، كە وەك ناوەندێكی گشتگیر كار دەكات بۆ هاندانی داهێنان و نوێگەریی و درووستكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ فێربوون و پەیوەندییە پیشەییەكان. لای خۆشیانەوە، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لەڕێگەی پرسیار و گفتوگۆوە زیاتر ئاشنای چۆنییەتی سوودوەرگرتن لە خزمەتگوزارییەكانی ئەو ناوەندە بوون بۆ پەرەپێدانی تواناكانیان.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسی (عەلی عومەر)ـی كرد بۆ پێشوازیكردن و بەدەمەوەبوونی فێرخوازان و ئاشناكردنیان بەو ناوەندە گەورەیە و، هەماهەنگییەكانی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی بۆ فێرخوازان لە داهاتوودا.







