فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە پۆڵەندا سەردانى مۆزەخانەی “سەرهەڵدانی وارشۆ” دەکەن
لە پەراوێزى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندن لە زانکۆکانى پۆڵندا، گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی کەلتووری و مەیدانییان بۆ مۆزەخانەی “سەرهەڵدانی وارشۆ” (Warsaw Uprising Museum)” لە شاری وارشۆ ئەنجامدا.
لەو چوارچێوەیەدا و، لە میانەى گەشتە کەلتورییەکەیان و بەسەرکردنەوەی گەلەری و هۆڵە جیاوازەکانی مۆزەخانەکەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٦/٤/١٩) ئەنجامیاندا؛ فێرخوازانی زانکۆی جیهان-هەولێر ئاشنای کۆمەڵێک بەڵگەنامەی مێژوویی، وێنە و پارچەی دەگمەن بوون کە گوزارشتیان لە قۆناغێکی وەرچەرخان و گرنگی مێژووی پۆڵەندا دەکەن. مۆزەخانەی سەرهەڵدانی وارشۆ بە یەکێک لە گەورەترین و پڕبایەخترین ناوەندە مێژووییەکانی پایتەختی پۆڵەندا هەژمار دەکرێت، کە تێیدا فێرخوازان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا تا لە ڕەهەندە شارستانی و مرۆییەکانی گەلی پۆڵەندا بکۆڵنەوە و تێگەیشتنیان بۆ مێژووی هاوچەرخی ئەوروپا فراوانتر بکەن. لە کۆتاییدا فێرخوازانی بەشداربوو خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم دەرفەتە دەربڕی و جەختیان کردەوە کە ناسینی مێژووی گەلانی تر، دیدێکی فراوانتر و کارامەیی کۆمەڵایەتیی باشتریان پێ دەبەخشێت بۆ کارکردن لە ژینگە نێودەوڵەتییەکاندا.
فێرخوازەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر پێکهاتبوون لە هەریەک لە (الايهم صلاح الدين باسل) فێرخوازى قۆناغى سێیەمى بەشى زمانى ئینگلیزى و، (ئەلەند شێرزاد ئيبراهيم) فێرخوازى قۆناغى دووەمى بەشى زانستى کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر ، کە لە ئێستادا سەرقاڵى تەواوکردنی کۆرسێکی خوێندنن لە زانکۆی وۆچ (University of Lodz) ، هەروەها (ڕەوا عبدالستار جبار) فێرخوازى قۆناغى دووەمى بەشى مایکرۆبایۆلۆجى پزیشکى لە زانکۆى جیهان-هەولێر، کە لە زانکۆی “وارشۆ بۆ زانستە زیندووەکان (Warsaw University of Life Sciences)” ، بەهەمان شێوە سەرقاڵى تەواوکردنى کۆرسێکى خوێندنە.







