زانکۆى جیهان-هەولێر لە وەرزى هاوێندا پڕۆژە خێرخوازییەکانى بەردەوام دەبێ
دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان ڕایگەیاند: زانکۆ چەندین ئەرکى گرنگ و گەورەى لەسەرە بۆ خزمەتکردن بەکۆمەڵگە، هەربۆیە لەگەڵ پێگەیاندن و پەروەردەکردن تاک بۆ داهاتوو، دەبێ کار و پڕۆژەى جیا پێشکەش بەچین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە بکات، لەو سۆنگەیەوە زانکۆى جیهان-هەولێر لە وەرزى هاویندا بەئەنجامدانى چەند چالاکیەک درێژە بەکاروانى خزمەت و ئاوەدانکردنەوەى وڵات دەدات.
ئەو ڕاگەیاندنەى سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (29/6/2022) لە میانەى کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ستافى زانستى بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر هات، لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و سەرۆکى بەشە زانستیەکان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر وتەیەکى پێشکەشکرد و، وتى: مایەى خۆشحاڵیە لە زانکۆى جیهان-هەولێر هەر لە بەسرا تاوەکو زاخۆ فێرخوازمان هەیە، ئەوەش هانمان دەدات زیاتر خزمەتى کۆمەڵگە بکەین.
سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهان ڕونیشیکردەوە ئێمە دەبێ دەرفەتى پشوى هاوین بقۆزینەوە بۆ پەرەپێدان بەتوانا و لێهاتویی زانستى خۆمان، لەهەمانکاتدا دەبێ کۆمەڵێک بیرۆکە گەڵاڵە بکەین و لە چوارچێوەى (زەکاتی زانست) کارى خێرخوازى لە کۆمەڵگەدا ئەنجام بدەین، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک نمونەى جیاوازى هێنایەوە بۆ چۆنیەتى خزمەتکردن بەکۆمەڵگە، وتیشى زانکۆ قوتابخانە نییە، بەڵکو شوێنێکە بۆ مەعریفە و بەکارهێنانی زانست لە ژیانى ڕۆژانەماندا، لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی دەیزانین پێشکەشى دەکەین، ئەمەش قەرزێکە کە دەبێت پێش مردن بیدەیتەوە، هەروەک جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە زانكۆی جیهان لە سەرجەم بەشەکانیدا ئامانجی خزمەتكردنی مرۆڤایەتی، بۆیە ئێستا کە بەرەو پشووى هاوین دەڕۆین کاتی خزمەتکردنی کۆمەڵگە و هەرێمی کوردستانە، لەم ڕوانگەیەوە دەبێت دەست بکەین بە کارکردن بۆ گۆڕانکاری و بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ئەرێنی بۆ پاراستنی بەهاکانی نیشتمانپەروەری.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەگرنگیەوە لە پڕۆژەکەى سەرۆکى دەستەى ئەمینداریەتى زانکۆکانى جیهانى ڕوانى و پشتیوانى خۆى بۆ سەرکەوتنى تەواوى پڕۆژەکە دوپاتکردەوە، وتیشى مایەى خۆشحاڵیمان کە ئەمساڵ زانکۆکەمان لەسەر ئاستى بەشەکان بەهاوکارى فێرخوازان توانیان کۆمەڵێک کارى خێرخوازى لە بوارە جیاوازەکان جێبەجێ بکەن، لە ئێستادا لێژنەیەکى باڵا بەسەرۆکایەتى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و ئەندامیەتى ژمارەیەک لە مامۆستایان پێکهاتووە بۆ کارکردن لەسەر بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کارەکانی ئەم پڕۆژەیە، دوپاتیشیکردەوە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک پیشەیی هەمیشەیی بەردەوام دەبێ لە پێشکەشکردنى پڕۆژەى جیا بۆ بوژانەوەى سەرخان و ژێرخانى هەرێمى کوردستان و، کۆمەککردنى ئەو کەسانەى پێویستیان بەدەستگیرۆیی و هاوکاریکردن هەیە.
لە کۆتایی کۆبونەوەکەشدا، سەرۆکى بەشە زانستیەکان باسیان لەو کار و چالاکیانە کرد، کە لە ماوەى ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) ئەنجامیانداوە.