زانکۆى جیهان-هەولێر لە عەمان بەشدارى لە سیمپۆزیۆمێکى هەرێمایەتى دەکات
بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ژینگە و چۆنیەتى پاراستنى، زانکۆى جیهان-هەولێر وەک تاکە زانکۆى هەرێمى کوردستان بەشدارى لە سیمپۆزیۆمێکى هەرێمایەتى دەکات.
لە ڕۆژانى (٢٧ و ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢) پرۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان بەشدارى لە سمپۆزیۆمێکى هەرێمایەتى کرد، کە لەلایەن ڕێکخراوى خاچى سورى نێودەوڵەتى (ICRC) ڕێکخرابوو.
لەو سمپۆزیۆمەدا، کە بەناونیشانى (پاراستنی ژینگەی سروشتی لە ڕوانگەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و شەریعەتى ئیسلامی) لە عەمانى پایتەختى شانشینى ئوردونى بەڕێوەچوو، لەماو دوو ڕۆژدا چەند توێژینەوەیەکى زانستى لەبارەى چۆنیەتى پاراستنى ژینگە خرایەڕوو، هەروەک چەند بەراوردێکى یاسایی بەتایبەت یاسای مرۆیی نێودەوڵەتى و شەریعەتى دەستورى ئیسلامى سەبارەت بەبابەتەکە پێشکەشکرا.
لەو چوارچێوەیەشدا، پرۆفیسۆر یاریدەدەر دکتۆر عەبدولستار کەریم سەعید بەخستنەڕووى بۆچونە یاساییەکانى لە ڕوانگەى شەریعەتى ئیسلامى بەشداریەکى کاریگەرى بابەتەکانى کرد، لە کۆتایشدا دواى هەڵسەنگاندنى بیروبۆچونەکان و پێشنیازەکان، چەند خاڵێک وەک ڕاسپاردەى کۆنفرانسەکە دیاریکران تا لە داهاتوودا لە پێناو پاراستنى ژینگە لە وڵاتانى ناوچەکە کارى لەسەر بکرێ.