فێرخوازانى بەشى شیکارى تاقیگەى پزیشکى چالاکیەک لە بارەى ڤایرۆسی (HPV) و گرووپەکانی خوێن لە ئامادەیی نانەکەلی کچان بەڕێوەدەبەن
لە درێژەی چالاکییە مەیدانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تەندروستی، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی سێیەمی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانی ئامادەیی نانەکەلی کچانیان کرد.
سەرەتا فێرخوازان لەلایەن سۆزە تەلعەت زیوەر بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە پێشوازیی لە فێرخوازان کرا، لە بەرنامەی چالاکییەکەیاندا فێرخوازان تیشکیان خستە سەر بابەتێکی هەستیار و گرنگ کە ئەویش ڤایرۆسی “وەرەمی حەلیم – HPV” بوو. فێرخوازانی زانکۆ ڕوونکردنەوەی وردیان دەربارەی سروشتی ڤایرۆسەکە و مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستی پێشکەش کرد، هاوکات ڕێگاکانی خۆپارێزی و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی تووشبوونیان بۆ قوتابیان ڕوون کردەوە. لە تەوەرێکی دیکەى چالاکیەکەدا، باسیان لە سیستمی گرووپەکانی خوێن و چۆنیەتی پۆلێنکردنیان کرا، لەگەڵ ڕوونکردنەوەی گرنگی ناسینی جۆری خوێن لە کاتی نەشتەرگەری و گواستنەوەی خوێندا.
پاشان، فێرخوازانی زانکۆ و قوتابیانی ئامادەییەکە بەیەکەوە بەشدارییان لە کارێکی پراکتیکیدا کرد، کە تێیدا پشکنینی دیاریکردنی گرووپی خوێن بۆ قوتابیانى قوتابخانەکە کرا. ئەم بڕگە پراکتیکییە یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی قوتابیان بە چاوی خۆیان پرۆسەی شیکاریەکە ببینن و لە زانیارییەکان دڵنیا ببنەوە. سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی قوتابیان کۆتایی هات.







