فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بە چالاكییەكی مەیدانیی پشتگیریی لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن
وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دەربڕینی هاوسۆزیی بۆ خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 21-1-2026 بە چاودێریی مامۆستای یاریدەدەر (ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا) سەرۆكی بەشی ڕاگەیاندن، فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن چالاكییەكی مەیدانییان بۆ پشتگیریكردنی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا.
چالاكییەكە، لە بازاڕی میللی گەڕەكی نەورۆز و، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم) بەڕێوەچوو، تێیدا فێرخوازانی هەردوو قۆناغی دووەم و سێهەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر بەشداربوون. لە چالاكییەكەدا، فێرخوازان ئاڵای كوردستان و چەند درووشمێكی چاپكراو بەسەر هاوڵاتییانی بازاڕەكەدا دابەشکرد، كە مەبەست لێیان ڕاگەیاندنی هەڵوێست بوو سەبارەت بەو زوڵم و داگیركاری و ستەمەی لەلایەن حكومەتی سووریاوە دەرهەق بە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان دەكرێت، كە بووەتە هۆی دەربەدەركردن و چەوسانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنیی ناوچە كوردییەكان. هەروەها چاپكراوەكان هەستی نیشتیمانپەروەریی و نەتەوایەتییان لەخۆگرتبوو.
فێرخوازانی بەشداربوو، دووپاتیان کردەوە کە ئەم جۆرە چالاكییانە وەک پاڵپشتییەکی مەعنەویی بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی ئاشتیی و سەقامگیری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە و هەموو ئاوارەکان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.








