فێرخوازانى نیوتریشن و دایەتێتیکس بەدواداچوون بۆ شێوازەکانی خۆراکی کلینیکی لە نەخۆشخانەی کۆمارى دەکەن
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتی (٢٥/٢/٢٠٢٤) بە سەرپەرشتی دکتۆر بێهناز شاهرخی سەحنە، فێرخوازانى قۆناغی چوارەم لە بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانێکی زانستییان بۆ نەخۆشخانەی کۆماری لە شارى هەولێر ئەنجامدا.
لەگەڵ گەیشتنیان بە نەخۆشخانەی کۆماری، له لایەن بەخشنده دلێر پسپۆڕی خۆراک له نەخۆشخانەی کۆماری و، خانزاد پیرداود پەرستارێکی به ئەزموونی له بواری خۆراک پێشوازییان لێکرا . سەردانەکە بە دانیشتنێکی ورد سەبارەت بە بۆرییەکانی لووت و ڕیخۆڵە دەستی پێکرد، کە ڕێکارێکی گرنگە بۆ دابینکردنی خۆراکی ڕیخۆڵە بۆ نەخۆشەکان، بۆ ئەوەش فێرخوازان لە ڕێگەی پرۆسەی ئاڵۆزی دانانی بۆری لووت و گەدە، لە هەڵسەنگاندنی نەخۆشەوە تا چاودێری دوای دانانی ڕێنمایی جۆراوجۆریان پێشکەش کرا.
ستافی نەخۆشخانەکە ستایشی ئەو هەوڵانەیان کرد، کە لە ڕێکخستنی ئەم سەردانە زانستییەدا دراون و جەختیان لە پێشوازی و پابەندبوونیان کرد بە پێشکەشکردنی ئەزموونی پەروەردەیی گشتگیر بۆ فێرخوازان.