زانکۆی جیهان – هەولێر پلەی دووەمی لە جامی جیهانى دیبەیتەکان بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێنا
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (25ی شوباتی 2024)، تیمی دیبەیتی زانکۆی جیهان-زانکۆی هەولێر پلەی دووەمی مۆندیالی دیبەیتی جیهانی بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێنا، کە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی بۆ سەرکردایەتی و پەرەپێدان بە هاوکاری دامەزراوەی ڕوانگە ڕێکخرابوو. لەو چالاکییەکانەدا، کە لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، ١٦ زانکۆی حکومی و تایبەت کە نوێنەرایەتی زانکۆکانی هەرێمى کوردستانیان دەکرد، بەشدارییان تێدا کربوو، لەو چوارچێوەیەدا تیمی زانکۆی جیهان – هەولێر، کە پێکهاتبوون لە فێرخوازان (ئارام نورالدین محی الدین لە بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکى – قەمەر ئەثیر ئیسماعیل لە بەشی ئەندازیارى تەلارسازی، تەبارەک حسێن عەلی ئاغا لە بەشی ئەندازیارى دیزاینی ناوخۆ و هاجەر محمد عەلی کەنعان لە بەشی چارەسەری سروشتى)، کە بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر، عومەر عادل محمد عەلی بەشداریان کرد، لە قۆناغى یەکەمدا توانیان لەسەر ئاستى پارێزگاى هەولێر پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و سەرکەوتن بۆ قۆناغی پێش کۆتایی.
لە قۆناخی پێشکۆتاییدا، کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، تیپی زانکۆی جیهان – هەولێر ڕووبەڕووی تیپی زانکۆی چەرمۆ (یەکەمى سەر زانکۆکانى سنورى پارێزگای سلێمانییەوە) بووەوە، لەوێدا سەرکەوت و، گەیشتە قۆناغی کۆتایی، کە قۆناغێکى یەکلاکەرەوە بوو و، تیایدا ڕووبەڕووى تیمی زانکۆی ئەمریکی – دهوک بوەوە.
دوای خولێکی کۆتایی بە جۆش و خرۆشەوە کە شایەتحاڵی توانا ناوازەکانی ئەندامانی هەردوو تیپ بوو لە بواری دیبەیت و بیرکردنەوەی دیالکتیکی و ئارگیومێنت و بە شایەتحاڵی سەرجەم ئامادەبووان و ئەندامانی تیمی ناوبژیوانی، تیمی زانکۆی جیهان – هەولێر لەم ڕووداوەدا پلەی دووەمی بەدەستهێنا.