فێرخوازانى مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکیی سەردانى بنکەی تەندروستی سەروەران دەکەن
سەرۆکایەتى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی لە زانکۆی جیهان – هەولێر، گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى چوارەم بۆ بەسەرکردنەوەى بنکەى تەندروستى سەروەران لە شارى هەولێر ڕێکخست.
فێرخوازان دواى ئەوەى لەلایەن پزیشک و کارمەندانى بنکەکە پێشوازییان لێکرا، ئینجا هاوەڵى کران بۆ ئاشناکردنى چەندین بەش و کلینیکی تایبەتمەند لە سەنتەرەکە، وەک کلینیکی منداڵان، کلینیکی نەخۆشییە ناوخۆییەکان، کلینیکی ڤاکسین لە میانەى بەسەرکردنەوەى ئەو کلینیکیانەدا، پزیشکان و کارمەندانى تەندروستى فێرخوازانیان ئاشناکردن بەو ئامێر و ئامرازانەی کە لە سەنتەری ڤاکسینەکەدا بەکاردەهێنرێن، کە ڕۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی کوتانی بێ بەرامبەر ڕۆژانە بۆ منداڵانی تۆمارکراو هەیە، بۆ ئەوە فێرخوازان ئاشناى پرۆسەی بەڕێوەبردنی ڤاکسین، لە سەرەتای تۆمارکردنی منداڵێکەوە تا دڵنیابوون لەوەی کە کوتانەکانی پێشوویان وەرگرتووە و دیاریکردنی جۆری گونجاوی ڤاکسین بوون، لەگەڵ بارودۆخی گونجاوی هەڵگرتنی ڤاکسینەکان بوون.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانەکەیاندا، فێرخوازان ئاشناى ئەو مەترسییە جیاوازانە کران، کە ڕووبەڕووی کارمەندانى نەخۆشخانە و بنکەکانى تەندروستى دەبنەوە، بەتایبەتی مەترسییە بایۆلۆژییەکان، بۆ ئەوەش ئاماژەیان بە ڕێوشوێنی خۆپارێزی و ڕێکارە پێویستەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانە کرد.