فێرخوازانى کارگێڕى گشتى سەردانى بەڕێوەبەرایەتى نشینگەی هەولێر دەکەن
لە بەردەوامى چالاکیە مەیدانیەکانى بەشى کارگێڕى گشتى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بەشێوازى کارکردن و ڕایکردنى مامەڵە و کاروبارەکانى هاوڵاتیان لە دامەزراوە جیاکان، سەرۆکایەتى بەشى کارگێڕى گشتى ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (17/5/2023) گەشتێکى زانستى بۆ فێرخوازانى قۆناغى سێیەمى بەشەکەى بۆ بەڕێوەبەرایەتى نشینگەى هەولێر ڕێکخست.
لەسەرەتادا؛ فێرخوازان لەلایەن عەمید کامیل بەرزنجی، بەڕێوەبەری نشینگەی هەولێر پێشوازیان لێکرا، لە دیدارێکدا دواى بەخێرهێنانى فێرخوازان بەکورتى باسى لە کاروبارى بەڕێوەبەرایەتیەکەى کرد بەتایبەت لەو ڕێکارانەی کە پێویستە بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی نیشتەجێبوون یان وەرگرتنی ڤیزە لەلایەن ئەو بیانیانەی ئارەزووی ژیان، خوێندن یان کارکردنیان لە هەولێر پەیڕەو بکرێن، وتیشى بەهۆى ئەوەى هەولێر ناوەندێکى بازرگانى گرنگە بۆ کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەموو کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان، بۆیە ڕۆژانە ژمارەیەکى زۆرى هاوڵاتی بۆ ڕایکردنى کارەکانیان سەردانى بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دەکەن.
پاشان فێرخوازان لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشەکانى بەڕێوەبەرایەتیەکەدا لە نزیکەوە ئاشناى هەنگاو و کاروبارەکانى چۆنیەتى پێدانی ڤیزە بۆ بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان کران، بەتایبەت لە پرۆسەی چۆنیەتى تۆمارکردنی بیانییەکان و زانینی مەرج و ڕێکارەکانی پێویست بۆ بەدەستهێنانی مافى مانەوە یان وەرگرتنى ڤیزە لە پارێزگا.