فێرخوازانی بەشى پەرستارى تەندروستى کۆمەڵ خولێکی فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ قوتابیانی ئامادەیی هۆناس بەڕێوەدەبەن
گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی پەرستاریی تەندروستیی کۆمەڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، سەردانێکییان بۆ ئامادەیی (هۆناس) لە قەزای خەبات ڕێکخست.
شاندی زانکۆ سەرەتا لەلایەن مامۆستا (سەلاح خالید) بەڕێوەبەری قوتابخانەکەوە پێشوازییان لێکرا، دواتر فێرخوازان (ویسام خەبات، ساڵح ئەحمەد، و ئاڤین نێرو) دەستیان کرد بە پێشکەشکردنی وۆرکشۆپەکە. لە سیمینارەکەدا جەخت لەسەر چەمکی “کاتژمێری زێڕین” کرایەوە، کە تێیدا ڕوونیان کردەوە کە دەستێوەردانی خێرا و دروست دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی گیانلەدەستدان. لایەنی پراکتیکی چالاکییەکە مەشقی بوژاندنەوەی دڵ و سییەکان (CPR) و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حاڵەتەکانی خنکانی لەخۆ گرتبوو.
هەروەها، فێرخوازانی پەرستاری تەندروستى کۆمەڵ چەندین تێگەیشتنی هەڵەی باویان لە کۆمەڵگەدا ڕاست کردەوە، وەک بەکارهێنانی هەویری ددان یان کەرە بۆ سووتان، کە لە جیاتی ئەوە جەختیان لەسەر بەکارهێنانی ئاوی شلەتێن کردەوە.
لە کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، ڕێنمایی ورد پێشکەش بە فێرخوازان کرا، کە تایبەت بوون بە چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پێوەدانی مار و دووپشک، بۆ ئەوەش ڕونیان کردەوە کە نابێت شوێنی برینەکە ببڕدرێت یان ژەهرەکە بمژرێت، بەڵکو دەبێت بە خێرایی نەخۆشەکە بگەیەنرێتە بنکە تەندروستییەکان.







