فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە قوتابخانەی زانیاری باس لە هۆشیاریی میدیایی و مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی (٩ی شوباتی ٢٠٢٦)، گروپێک لە فێرخوازانی قۆناغی چوارەمی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (دڵان ئیسماعیل مەولود)، سیمینارێکی هۆشیارییان لە قوتابخانەی زانیاریی ناحکومی لە هەولێر پێشکەش بە قوتابیان کرد.
فێرخوازان کە پێکهاتبوون لە (ڕێباز خۆشەوی و ئورفە حاجی) سەرەتا لەلایەن مامۆستا (کاروان مەحمود) پێشوازییان لێکرا و دەرفەتیان بۆ ڕەخسا تا زانیارییە میدیاییەکان بگەیەننە قوتابیان، لەو چوارچێوەیەدا و لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا، فێرخواز ڕێباز خۆشەوی تیشکی خستە سەر تەکنەلۆژیای نوێ و ژیریی دەستکرد (AI) و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم تەکنەلۆژیایە سەرەڕای ئاسانکارییەکان، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی خێرای زانیاری و هەواڵی ناڕاست. ڕوونی کردەوە کە چۆن جیهانی دیجیتاڵی دەتوانێت وێنە و دەقی ساختە (Deepfake) بەرهەم بهێنێت کە زۆر لە ڕاستی دەچن، ئەمەش ئەرکی قوتابیان قورستر دەکات کە چۆن بەدوای سەرچاوە ڕاستەقینەکاندا بگەڕێن و نەکەونە داوی هەواڵی ساختەوە.
دواتر فێرخواز ئورفە حاجی، بە وردی باسی لە چەمکی هۆشیاری میدیایی کرد بۆ ئەوەی قوتابیان نەکەونە داوی “هەواڵی چەواشەکار” و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەر بابەتێک لە سۆشیاڵ میدیا دەبینرێت، بە وردی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. ئاماژەی بە لایەنە خراپەکانی بەکارهێنانی بێ هۆشیاریی جیهانی دیجیتاڵی کرد و ڕایگەیاند کە تەنها ناسینی تەکنەلۆژیا بەس نییە، بەڵکو دەبێت هەمووان فێری “بەرگری دیجیتاڵی” ببن. لە کۆتاییدا، کارگێڕیی قوتابخانەکە سوپاسی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی جیهانی کرد بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە لە پێناو پاراستنی قوتابیان لە هەواڵی ناڕاست.







