فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن سەردانی کۆمپانیایەکی ڕێکلام دەکەن
بەمەبەستى ئاشناکردنی فێرخوازان بە دنیای ڕێکلام و بەبازاڕکردن بەشێوەیەکی کردەیی و، سوود وەرگرتن لە کاری کۆمپانیاکانى بوارەکە، فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن بە سەرپەرشتی دکتۆر گۆران سەباح، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (١٥/١١/٢٠٢١) سەردانی کۆمپانیای (ئینلایتەرز)یان لە شارى هەولێر کرد، کە کاری تایبەت بەڕێکلامی دیجیتاڵی دەکەن.
عومەر و ژیدە، بەڕێوەبەری کارە هونەرییەکان و بەڕێوەبەری چالاکییەکان، پێشوازییان لە فێرخوازان کرد. ژیدە بە زمانی ئینگلیزی ئەرک و پێناسە و بەها و کارەکانی کۆمپانیاکەی بۆ فێرخوازان ڕوون کردەوە و، بە شێوەیەکی پراکتیکى باسی دنیای ڕێکلام و بەبازاڕکردنی کرد. هەروەها باسی پێوەندیی کۆمپانیاکەی کرد لەگەڵ کڕیارەکانى، بۆ ئەوەش کۆمەڵێک نموونەی کارەکانیان پێشانی فێرخوازاندا و، بە وردی باسی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ڕێکلامیان بۆ کردن.
فێرخوازانیش کۆمەڵێک پرسیاریان ئاڕاستەی ئەوان کرد و، گفتوگۆیەکی باشیان کرد لەبارەی دنیای ڕێکلام و بەبازاڕکردن وجیاوازیی نێوانیان. لە کۆتاییی سەردانەکەدا، کۆمپانیای ئینلایتەرز دەرگەیان واڵا کرد بۆ فێرخوازان تا لە داهاتوو بتوانن بەشدار بن لە هەر خولێکی زانستی لەبارەی ڕێکلامەوە.