بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان میوانداری ڕاوێژكارێكی نوێنەرایەتی عێراق لە UN دەکات
رۆژی دووشەممە، ڕێکەوتى (15/11/2021)، بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكانی زانكۆی جیهان-هەولێر، بەشێوەی ئۆن لاین، میوانداری دكتۆری دیپلۆماتكار (ئیلاف راجح) راوێژكاری نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكانی كرد.
لە میانی پێشکەشکردنى سیمینارێكیدا بۆ ق فێرخوازان و مامۆستایان، (ئیلاف راجح) باسی لە چەند بابەتێكی هەنوكەیى پەیوەست بە كۆماری عێراقی فیدڕاڵ كرد، بەتایبەت بڕیاری نێونەتەوەیی ژمارە (2576)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە چۆنییەتی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانی (10) ئۆكتۆبەری عێراق.
هەر لەمیانی پێشکەشکردنى سمینارەکەیدا راوێژكاری نوێنەرایەتی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی دەرچوواندنی ئەم بڕیارە، هەر لە رەشنووس و داڕشتنەوە تا دەگاتە دەنگدان لەسەری و، رۆڵی نوێنەرایەتی عێراق لەم پڕۆسەیەدا.
دکتۆر (ئیلاف راجح) بەشێکى دیکەى سیمنارەکەى تەرخانکرد بۆ تیشکخستنە سەر قۆناخی دوای هەڵبژاردنەكان و سروشتی ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییەی، كە (ئەنتۆنیۆ گۆتێرش) ئەمینداری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دوای مانگێك لە راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردان، لەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربارەی پڕۆسەكە پێشكەشی دەكات.
لە سیمینارەکەدا، کە بەسەرپەرشتى دکتۆر مهند عەبد ڕەشید بەڕێوەبرا، ژمارەیەكی بەرچاو لە فێرخوازان و مامۆستایانى هەردوو بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەكان و میدیا ئامادەبوون.