لە زانکۆى جیهان کۆتایی بەخولى تۆپى سەرمێز لە نێوان مامۆستایان هات
یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز بۆ مامۆستایانى ژن و کچ لە بەشە زانستییە جیاکانى زانکۆى جیهان -هەولێر بەسەرکەوتویی ئەنجامدرا.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٦/٥/٢٠٢١) لە یاریگەى داخراوى زانکۆى جیهان- هەولێر، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئەکرەم عەبدول واحید سەرۆکى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان، یارى کۆتایی خولى تۆپى سەرمێز لە نێوان دوو مامۆستاى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان کە بریتیبوون لە (دکتۆر بێخاڵ غەفور شەريف) و، (دکتۆر ژیان جەمال عوسمان) بەڕێوەچوو.
یارییەکە لە نێوان جۆش و خرۆشى زۆرى مامۆستایان و، هەوڵدانى زۆری هەریەکەیان بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانى ناسناوى یارییەکە بەڕێوەچوو، ئەوەش بووە مایەى خۆشحاڵى زۆرى مامۆستایان و فێرخوازانى ئامادەبوو، لە ئەنجامدا یاریزان (دکتۆر بێخاڵ غەفور شەريف) توانى بەبردنەوەى (٢) گیم بەرامبەر بە (١) یارییەکە لە (دکتۆر ژیان جەمال عوسمان) بباتەوە، بەم شێوەیە (دکتۆر بێخاڵ غەفور شەريف) بووە پاڵەوانی خولی تۆپی سەرمێز بۆ مامۆستایانى ژن و کچ لەسەر ئاستى بەشە زانستییەكانی زانكۆی جیهان-هەولێر.
بۆ بایەخدان بەلایەنى وەرزشى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ساڵانە و لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش کە لە ڕێکەوتى (١١/٤/٢٠٢١) لە نێوان (١٦) یاریزان لە بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستپێکرد، لە چوارچێوەى ئەو چالاکیانە دێ، کە مامۆستایان لە بەشە جیاکان بەگڕوتین بەشداریان لە یارییەکاندا کرد و توانا وەرزشییەکانیان خستەڕوو.
یارى تۆپى سەرمێز بەوە لە یارییەکانى دیکە جیا دەکرێتەوە، کە پێویستى بەوردى و شارەزایی و لێهاتووییەکى زۆرى یاریزانان هەیە، هەربۆیە مامۆستایانى یاریزان و بەشداربوانى خولەکە زۆر بەوردى یارییەکانیان ئەنجامدەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر ئەکرەم عەبدول واحید سەرۆکى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان مەداڵیاى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.