ستراتیژیەکانی خوێندن لە سەردەمی قەیرانەکان لە وۆرکشۆپێکى بەشی پەروەردەی گشتیدا
بەشی پەروەردەی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر و، لە درێژەى چالاکیە زانستیەکانیدا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا وۆرکشۆپێکی بەناونیشانی (ستراتیژیەکانی خوێندن لە سەردەمی قەیرانەکان) ڕێکخست.
رۆژی چوارشەممە رێکەوتی (5/5/2021) و، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە مامۆستایانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى گشتى بەئامانجی ئاگاداربوون لە گرنگترین ئەو ستراتیژیانەی لە جیهاندا لەسەردەمى پەتای کۆرۆنا-١٩ پەیڕەوى دەکەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووى پڕۆسەى پەروەردە و خوێندن بەهۆى داخستنی ناوەندەکانى بۆتەوە، وۆرکشۆپێکى بەڕێوەبرد.
وۆرکشۆپەکە سێ تەوەری سەرەکی لە خۆگرتبوو، لە تەوەرى یەکەمدا کە تایبەت بوو بە (نەمانی فێربوون) لەلایەن د. احمد عبد عون سەرۆکى بەشى پەروەردەى گشتى بەوردى باسی لە ڕادەی گرنگی بەشداریکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد لە چارەسەرکردنى گرفتەکان بەتایبەت رێکخراوی یونسکۆ و ڕۆڵیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هاتوو بە تایبەتی لەدواى بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا-١٩، پاشان باسى لە کاریگەریەکانى (نەمانى خوێندن و فێربوونى) لەسەر کۆمەڵگە بەتایبەت لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و گەشەی مرۆڤایەتی کرد.
لە تەوەری دووەمدا، د.ئازاد نايف مامۆستای بەشی پەروەردەی گشتی باسی لە گرنگترین لێهاتوویەکانی ئەرکی مامۆستا لە وانە ووتنەوەی بۆ مانەوە لە پرۆسەی بەردەوامبوونی فێربوون کرد، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و فێربوونی ئەلیکترۆنی لە ئەگەرى بەرەدەوامى تەشەنەکردنى پەتای کۆرۆنا-١٩.
لە تەوەری سێیەمی وۆرکشۆپەکەدا، مامۆستاى یاریدەدەر دەشنێ عەبدوڵڵا سەعيد مامۆستای بەشی پەروەردەی گشتی باس لە چۆنیەتی بونیاتنانی پەیوەندی لەگەڵ فێرخوازان لە ژینگەی پۆلی ئەرێنی و، چۆنیەتی پاراستنی ڕوحى هاندانی فێرخوازان کرد بەهەمان شێوەى بەردەوامیدان بەپرۆسەى خوێندن لە ڕێگەی ئامرازەکانی فێربوونی ئەلیکترۆنی، کە جیهان لەم قۆناغەدا پشتى پێ دەبەستێ.
لە بەشى کۆتایی وۆرکشۆپەکەدا، دەرفەت ڕەخسێندرا بۆ ئامادەبووان تا پرسیار بۆچونەکانیان لەبارەى تەوەرەکانى وۆرکشۆپەکەدا بخەنەڕوو، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانەی کران و، وەڵامی پرسیارەکان و روونکردنەوەکانی ئامادەبوون درایەوە.