گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى بانکێکى وەبەرهێنان لە شارى هەولێر دەکەن
بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاشنابوون بەچۆنیەتى بەڕێوەچوون و ڕاپەڕاندنى کار و بارى بانکى، گروپێک لە فێرخوازانى بەشى زانستە دارایی و بانکییەکان لە شارى هەولێر بانکێکى وەبەرهێنان بەسەر دەکەنەوە.
ڕۆژى یەکشەممە، ڕێکەوتى (٢/٥/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى (مامۆستا ئومێد ئیبراهیم حسین) گروپێک لە فێرخوازانى قۆناغى چوارەم لە بەشى زانستە دارایی و بانکیەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر سەردانى (بانکى هەولێر بۆ وەبەرهێنان و پاڵپشى دارایی) دەکەن.
لە میانەى سەردانەکەیاندا، لەگەڵ هەریەک لە (محەمەد تەلعەت محەمەدئەمین) بەڕێوەبەرى لقى هەولێرى بانکەکە و ژمارەیەک لە لێپرسراوانى بەشەکانى بانکەکە کۆبونەوە، لەو چوارچێوەیەدا سەرپەرشتیارانى بانکى هەولێر چەندین زانیارى گرنگیان لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کار و بارى بانکى پێشکەش بەفێرخوازان کرد، هەروەک ڕێنمایی فێرخوازانیان کرد بۆ ئەوەى گرنگى زۆر بەپەرەپێدانى لایەنى ژمێریارى خۆیان بدەن، چونکە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانى بەڕێوەبردن بانک بریتیە لە ئاشنابوون بە زانستى ژمێریارى و جومگە سەرەکیەکانى ئەو زانستە، چونکە ژمێریار دەبێ خاوەن لێهاتوویی ژماردن و دەستپاکى و شەفاف بێ لە بوارى بەڕێوەبردن و داراییدا، لەهەمان کاتدا دەبێ پارێزگارى لە سامان و دارایی ئەو دامەزراوەیە بکات، کە کارى تێدا دەکات، هاوکات بەهۆى ئەوەى کارمەندانى بانک خاوەن زانیارى و سپۆڕى وردن لە بوارەکەى خۆیاندا، بۆیە دەتوانن ڕۆڵى گرنگ بگێڕن لە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنى کاروبارى بانکى و بەدیهێنانى ئامانجە باڵا و درێژخایەنى خاوەن دامەزراوەکە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیاندا و، لە میانەى بەسەرکردنەوەى بەشە جیاکاندا، فێرخوازان لە ڕێگەى ئاراستەکردنى پرسیارەکانیان و، ڕونکردنەوەى لێپرسراوانى بەشەکان چەندین زانیارى گرنگیان لەبارەى چۆنیەتى باشتر ڕاپەڕاندنى کاروبارى بانک بەدەستهێنا.