فێرخوازان لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس لە ڕێگەى نمایشکردنى پۆستەر، زانیارییە بەدەستهاتووەکانیان دەخەنەڕوو
لەگەڵ نزیکبوونەوەى کۆتاییهاتنى کۆرسى دووەمى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) فێرخوازانى بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس و بەسەرپەرشتى مامۆستایان (ڕەغد ئەلجومەرد و یاسین جەلالى) لە رێگەى چەند پۆستەرێک باسیان لەو زانیارییانە کرد، کە لە ماوەى ئەو ساڵە بەدەستیان هێناوە.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (٢/٥/٢٠٢١) بۆ زانینى ئاستى زانیارییە بەدەستهاتووەکانى فێرخوازان، فێرخوازانى قۆناغى دووەم و سێیەم لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتیکس چەند پۆستەرێکیان نمایشکرد، پۆستەرەکان تایبەت بوون بە خستنەڕووى ئەنجامى چەند توێژینەوەیەک لەبارەى (مەترسییەکانى زیاد بەکارهێنانى شەکرى سپى و کاریگەرى لەسەر بڵاوبونەوەى نەخۆشییەکانى سەردەم)، لەو چوارچێوەیەشدا فێرخوازان دواى ناساندنى چەمکەکان و ئاماژەییان بەقۆناغەکانى گەشەسەندن و بڵاوبونەوەى نەخۆشییەکان بەهۆى زۆر بەکارهێنانى شەکرى سپى لە جەستەى مرۆڤ کردبوو، هەروەها ئەو خۆراکانەشیان نمایشکردبوو، کە لە بازارەکاندا بەدى دەکرێ و لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەڕێژەیەکى زۆر بەکاردێ، لەوانە خواردنەوە گازییەکان و بەرهەمە شیرنەمەنى و کێک و شوکلات.
ئەم چالاکیە بووە دەروازەیەکى گرنگ بۆ زیاتر ئاشنابوونى فێرخوازان بە مەترسیەکانى ئەو بەرهەمانەى لە بازاڕە ناوخۆییەکان هەیە لەگەڵ پێکهاتە و کاریگەرییەکانى لەسەر مرۆڤ، هىربۆیە ئەوەش لە پاڵ کارە مەیدانیەکانى دیکە، دەبێتە وێستگەیەکى دیکەى گرنگ بۆ دەوڵەمەندکردنى زانیارییەکانى فێرخوازان لە بوارە جیاوازەکانى نیوتریشن و دایەتێتیکس.