شاندێکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێر دەکات
بۆ جێبەجێکردنى خاڵەکانى ڕێکەوتنامە هاوبەشەکەى نێوان و، زیاتر هەماهەنگى و پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئەکادیمیەکانى نێوانیان، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط کرد.
ڕۆژى دوو شەممە رێکەوتى (٢٤/١٠/٢٠٢٢) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فۆراتى أوسط بەسەرۆکایەتى (پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى) کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەئامادەبوونى دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى پراکتیزەکردنى ڕێکەوتنامەى هاوبەشى نێوانیان کرا، کە لەسەرەتاى مانگى ئادارى ئەمساڵ ئیمزایان کرد.
لە تەوەرێکى دیکەى دانیشتنەکەدا گفتوگۆ لەبارەى دواین کارەکانى لێژنەى ئامادەکارى بەستنى کۆنفرانسى زانستى ئەندازیارى کرا، کە بڕیار وایە لە مانگى (١٢)ى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن لێژنە هاوبەشەکانى هەردوو زانکۆکە کورتەیەکیان لەبارەى کار و چالاکیەکانیان و، ئەو توێژینەوە زانستیانەى پێشکەش بەلێژنەى زانستى کۆنفرانس کراوە باسکرد.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە لەگەڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى فۆراتى أوسط لە ڕێگەى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەیەک نەخشەڕێى پێکەوەکارکردنى داهاتومان داڕشتوە، بەستنى ئەم کۆنفرانسە زانستیەش سەرەتاى ئەو داهاتوە گەشەیە، کە لە پێشماندایە، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى زانستى و ئامادەکارى کۆنفرانسى کرد.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط وتى: ئێمەش خۆشحاڵین بەو ڕێکەوتنامە هاوبەشەى نێوانمان، وتیشى زانکۆکەمان پاڵپشتى تەواوى خۆى بۆ فراوانکردنى پەیوەندییەکانى نێوانمان دوپات دەکاتەوە، سەبارەت بەکۆنفرانسى زانستى بەشە ئەندازیارییەکانیش دەستخۆشى لە لێژنەکان کرد.