سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە نەخشەڕێى کارى داهاتووى زانکۆ دەکات
پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرەکانى بەشە جیاکانى زانکۆ و موعید و تەواوى فەرمانبەرانى زانکۆ کرد و، جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە پێویستە خۆیان بۆ قۆناغێکى نوێى کارکردن لە زانکۆ ئامادە بکەن.
ڕۆژى دوو شەممە رێکەوتى (٢٤/١٠/٢٠٢٢) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ بەئامادەبوونى دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان لە هۆڵى (VIP) زانکۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرانى کارگێڕى و فەرمانبەر و یاریدەدەرانى توێژەر (موعید)ى بەشە زانستیەکان کۆبوەوە.
لە کۆبونەوەکەدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ئامانجى کۆبونەوەکەى باسکرد و وتى: فەرمانبەرانى کارگێڕى لە هەر دامەزراوەیەک بناغەیەکى گرنگى دامەزراوەکەن، بۆیە ئەگەر بۆ دەزگا و دامەزراوەیەک لایەنى کارگێڕى و بەڕێوەبردن گرنگ بێ، بۆ زانکۆ و دامەزراوەیەکى زانستیش زۆر گرنگتر، چونکە ئێوە پاڵپشتى ڕایکردنى کاروبارە زانستیەکانى زانکۆن، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ وتیشى مایەى خۆشحاڵیمانە، کە زانکۆکەمان خاوەن فەرمانبەر و کادیرى کارگێڕى و بەڕێوەبردنى لێهاتویی وەک ئێوەیە، ئێمە ماندوبونى ئێوە بەرز دەنرخێنین و، سوپاستان دەکەین بۆ ئەو کارانەى لە ماوەى ڕابردوو بەدڵسۆزى ئەنجامتان داوە.
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێکى دیکەى وتەکەى تەرخان کرد بۆ کارى داهاتویی زانکۆ و، ڕۆڵى فەرمانبەرانى کارگێڕى و بەڕێوەبردن لەو پڕۆسەیە، بۆ ئەوەش باسى نەخشەڕێى کارکردنى داهاتوویى زانکۆى بەوردى بۆ ئامادەبوان باسکرد، هیواى خواست وەک فەرمانبەرى کارامە و لێهاتوو بەگڕوتینێکى تازە خۆیان بۆ جێبەجێکردنى ئەو نەخشەڕێیە ئامادە بکەن و، وەک ڕابردوو دڵسۆزانە بەردەوامى بدەن بەکارەکانیان.