فێرخوازانى بایۆمیدیکاڵ لە پارى سامى عبدالرحمان چالاکیەکى خۆبەخشى بەڕێوەدەبەن
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى (٧ی ئایاری ٢٠٢٣)، سەرۆکایەتى بەشی بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆی جیهان-هەولێر چالاکییەکی پزیشکی لە پارکى سامى عبدالرحمان لە شارى هەولێر بەڕێوەبرد.
لەو چالاکیەدا، کە بەسەرپەرشتى مامۆستاى یاریدەدەر محمد محمد حسێن بەڕێوەچوو، ژمارەیەک لە فێرخوازانى قۆناغی دووەم و سێیەم بەشداریان تێدا کرد. لە میانەى چالاکیەکەدا کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەرامبەر پێشکەش بەو کەسانە کرا، کە سەردانى پارکەکەیان کردبوو، خزمەتگوزارییەکانیش پشکنینى نەخۆشی شەکرە، نەخۆشیەکانی گەدە، لێدانی دڵ و پێوانەکردنی ئۆکسجینی جەستە پێش و دوای وەرزشکردن. بۆ پێوانەکردنی نەخۆشی شەکرە و جۆرێک لە بەکتریاکانی گەدە، واتە H. Pylori، تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی Lifotronic بەکارهێنرا.
لە میانەى چالاکیەکەدا، کە بۆ ماوەى ڕۆژێک بەردەوام بوو، فێرخوازان بە سەرکەوتوویی (٩٥) پشکنینی شەکرەی خوێنی و نەخۆشی شەکرە و (٣٥) پشکنینی بەکتریاکانی گەدەیان تەواو کرد و، لە ماوەی (٥) خولەکدا ئەنجامی پشکنینەکانیان تەواوکرد.