كۆنفرانسێکى زانستى نێودهوڵهتی لە زانکۆیەکى هەرێمى کوردستان بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو
بەچاودێرى دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆى جیهان-هەولێر كۆنفرانسى زانستى بەسەرکەوتوویی بەڕێوەبرد
لە دووهمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی، کە لە ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٥/٤/٢٠٢١) بەڕەچاوکردنى ڕێنماییە تەندروستیەکانى لێژنەى باڵاى ڕووبەڕووبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد دزەیی سەرۆکى زانکۆى ئەربیلى نێودەوڵەتى و، دکتۆر محەمەد سدیق خۆشناو سەرۆکى زانکۆى لوبنانى فەرەنسى و ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆى بەشداریان تێدا کرد.
کۆنفرانسەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێکرد، پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران باسى لە لایەنە گرنگەکان و چۆنیەتى ئامادەکردنى کۆنفرانسەکە کرد، هەروەک باسى لە ژمارەى ئەو توێژینەوانە کرد کە لەلایەن توێژەرانەوە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان پێشکەشى کۆمیتەى باڵاى کۆنفرانسیان کرد، لە خوارەوە دەقى وتارەکەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دانراوە.
لەو کۆنفرانسەدا کە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام بوو، (36) توێژینەوە لە ڕێگەى چەند تەوەرێکى جیا پێشکەش کران، بەشێوەیەک (٨) توێژینەوەیان لە دەرەوەی عێراق بوون و، لە زانکۆکانی (بەریتانیا، ئوسترالیا، تورکیا، عومان، قوربس و مالیزیا) پێشکەشکران، لەهەمان کاتدا (28) توێژینەوەش لەناوخۆی کوردستان و عێراق پێشکەشکران، سەربارى ئەوەش دوو قسەکەری سەرەکى بۆ کۆنفرانس ((Keynote Speaker و دووانی دیکە لەئیتاڵیا و، یەکێک لەپۆڵۆنیا و، یەکێکى دیکەش لەئیمارات و دوو کەسیش لەناو عێراق کۆنفرانسیان بەڕێوەبرد.
زانکۆی جیهان-هەولێر یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان، لە ڕێگەى پێشکەشکردن و بەستنى ئەم جۆرە کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە زانستیانە، توانیویەتى ڕۆڵی گرنگ بگێڕى لە پێشخستن و بوژانەوەى سەرخانى هەرێمى کوردستان و، پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق.
لە کۆتایى کۆنفرانسەکەشدا، بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر ئامادەبووانى کۆنفرانسدا دابەش کرا، و بەو شێوەیە کۆتاییان بە دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی هێنا، واش بڕیارە بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێ بۆ جێبەجێکردنیان.
دەقى وتارى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە دووهمین كۆنفرانسی زانستى نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی
ِسْبسم الله الرحمن الرحيم
( يَرْفَعِ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَالَّذِينَ أُوتُوا الْعِلْمَ دَرَجَاتٍ ) صدق الله العظيم
بەڕێزان/ ئامادەبووانى خۆشەویست
سوپاس بۆ خودای گەورە، جارێکی تر لەبۆنەیەکی زانستی نوێدا لەچوارچێوەى چالاکی و کۆنگرە زانستییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر کۆبوینەتەوە، بۆیە لەم بۆنە زانستییەدا بەخێرهاتنى گەرمى توێژەران و زانایان و بیرمەندان و ڕوناکبیران دەکەین بۆ (دووهمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ ئهندازیاری تهلارسازی و شارستانی) کە زانكۆی جیهان – ههولێر لە ماوەی (5 تا 6 ی نیسانی 2021) ڕێکیخستووە .
ئامادەبوونی بەڕێز…
وەک سەرۆکی زانکۆی جیهان- هەولێر و هەم وەک سەرۆکی ئەم کۆنفرانسە، لەهەمانکاتدا بە ناوی هاوکارانم لە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانس، دەخوازم ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ وەبیرهێنانەوە و خستنەڕووى لایەنە گرنگەکانى بەستنى ئەم کۆنفرانسە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا. شاراوە نیە ئەگەر بڵێم گرنگی ئەم کۆنفرانسە لەگرنگی بابەتە سەرەکی و بینینى پێداویستییەکان و دوا پەرەسەندنەکانی بواری ئەندازیاری شارستانی و تەلارسازییەوە سەرچاوە ئەگرێت، بەتایبەت کە هاوتەریبە لەگەڵ پێویستی گەشەسەندن و بوژانەوەى لایەنى تەلارسازى لەسەر ئاستی هەرێمى کوردستان و عێراق.
گرنگی تری ئەم بۆنە زانستییە لەگەڵ زۆربوونی پێویستى بوژاندنەوەی بیناسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەبینێتەوە، دوایین ئەو شێوازە ئەندازیاریەی گرتەبەر کە جیهان پێی گەیشتووە.
لەو چوارچێوەیەدا، لەسەرەتادا (٤٣) توێژینەوە گەیشتە کۆمیتەى ئامادەکارى کۆنفرانس و لەلایەن لیژنەی زانستی تایبەتمەندەوە، کە (١٠) پسپۆڕیان لە دەرەوەى عێراق بوون هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم توێژینەوەکان کران و پۆلێن کران، بەو شێوەیە لێژنەکە (7) توێژینەوەى ڕەتکردەوە و (36) توێژینەوەشیان پەسەند کرد، کە (٨) توێژینەوەیان لە دەرەوەی عێراق بوون و لە زانکۆکانی (بەریتانیا، ئوسترالیا، تورکیا، عومان، قوربس و مالیزیا) پێشکەشکراون، لەهەمان کاتدا (28) توێژینەوەش لەناوخۆی کوردستان و عێراق پێشکەشکراون و پەسندکران، سەربارى ئەوەش دوو قسەکەری سەرەکى بۆ کۆنفرانس ((Keynote Speaker و دووانی دیکە لەئیتاڵیا و، یەکێک لەپۆڵۆنیا و، یەکێکى دیکەش لەئیمارات و دوو کەسیش لەناو عێراق بۆ کۆنفرانس پەسەندکران.
بەڕێزان و خانمان….
زانکۆی جیهان-هەولێر بەو هەموو بڕوا بەخۆبوون و کاریگەرییە باش و دروستەی لەسەر ئاستی خوێندنی زانکۆ لەکوردستان و عێراق و ناوچەکەدا هەیەتى، بەپێشکەشکردن و بەستنى ئەم جۆرە کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە زانستیانەى کە پێشکەشى دەکات، توانیویەتى ڕۆڵی کۆمەڵگەی خۆی ببینێت، بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و دەوڵەت لەهەرێم و عێراقدا، بۆ پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، ئەوەش لەڕێگەی پێشکەشکردنى کۆمەڵێک توێژینەوەی کوالیتی بەرزی زانستی، کە لەلایەن توێژێک لە زانا و توێژەری لێهاتوو و دانسقە ئامادە کراوە.
ئەمەش دەقاودەق لەخۆگرتنى ئەو پەیامەی زانکۆی جیهانە کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا لەسەرى بەردەوامە و، بە هەموو وردەکاریەکانییەوە لە ناو پۆلەکانەوە بۆ کۆمەڵگە و دەوڵەت دەڕوات، هەربۆیە ئەو پەیامە سەرکەوتنەکانى زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەردەخات و ڕوون دەکاتەوە.
بەشداربوانى بەڕێز…
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، سوپاس و پشتیوان بەخوداى گەورە لێرەوە دەستپێکردنی ئەم کۆنفرانسە ڕایدەگەیەنم، دووبارە سوپاس و پێزانینم بۆ هەموو ئەو هەوڵ و کۆششە باشانەی لەسەرخستن و بەستنى ئەم کۆنفرانسەدا گێڕاوتانە ، داوای لە خوداى گەورە دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بێ بۆ چاکەی وڵات و بزووتنەوەی توێژینەوەی زانستیی هاوچەرخ و پڕچەککردنی بەتەکنەلۆژیای پێشکەوتوو.
پرۆفیسۆر دکتۆر
ئەمجەد صابر دەلۆى
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
سەرۆکى کۆنفراس