فێرخوازانى بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دپلۆماسییەکان لەسەر چۆنیەتى پێشکەشکردنى بەرنامەى سیاسى ڕاهێنان پێدەکرێ
لە درێژەى کار و چالاكييە زانستييەكانی بەشي پەيوەندييە نێودەوڵەتی و دپلۆماسييەكان لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت بۆ فێرخوازانى بەشەکە، چالاکیەکى ڕۆژنامەوانى ڕێکخست.
ڕۆژى سێشەممە، ڕێکەوتى( ٦-٤-٢٠٢١) بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتى و دپۆماسییەکان ميتينگێكى ڕاهێنانى بۆ فێرخوازانى قۆناغى چوارەم لە خوێندنى بەيانيان و ئێواران ڕێكخست.
چالاكييە لە ستۆديۆيەکانى ڕاديۆ و تەلەڤزيۆنى جيهان، بەسەرپەرشتى مامۆستاى ياريدەدەر رەشيد ميكائيل بەڕێوەچوو، کە تايبەت بوو بە ڕاهێنانى فێرخوازان لەسەر چۆنیەتى پێشكەشكردن و بەڕێوەبردنى بەرنامەى سياسى لە كەناڵەكانى ڕاگەياندن.
بۆ ئەوەش سەرەتا فێرخواز (سارە نزار) وەك پێشكەشكارى بەرنامە گفتوگۆيەكى سیاسى لەگەڵ مامۆستاى سەرپەرشتيار ئەنجامدا، كە لە بەرنامەکەدا ڕۆڵى باڵيۆزى روسياى فیدراڵى لە عێراق دەبينى، لەوێدا باسى لە بەرژەوەندييەكانى روسياى فیدراڵ لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەكرد.
هەر لەدرێژەى چالاكييەكەدا هەردوو فێرخواز (ڕاژان خاليد) و (محەمەد ميرخان) ڕۆڵى پێشكەشكارى بەرنامەیەکى ديكۆمێنتياريان بينيى، كە تيايدا ڕۆشناييان خستە سەر شارستانيەت و مێژووى گەلى كورد .
لە هەمان چالاکیدا فێرخوازان (ئانكين ڕافى) و ( واسف وەعد)يش بەنيشاندانى ڕۆڵى پەيامنێر سیاسى لە ڕوماڵكردنى سەردانەكەى (پاپا فڕانسيس) پاپاى ڤاتيكان بۆ عێراق و تيشكخستنە سەر لايەنە جۆراوجۆرەكانى ئەم ڕووداوە بەشدارکرد، بەو شێوەیە كۆتاييان بە چالاكييەكە هێنا.