لە زانکۆى جیهان-هەولێر باس لە شێرپەنجەى مەمک کرا
بەشی نیوتریشن و دایەتێتیکس لە کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی زانکۆی جیھان – ھەولێر لە مانگی هوشیاریی ڕوبەڕوبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک وۆرکشۆپێکى بەڕێوەبرد.
دوو شەممە ڕێکەوتى (٢٣/١٠/٢٠٢٢) ، بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوکاری رێکخراوی تەندروستی ئاشتی و، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وۆکشوپێکى لە بارەى شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و، دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى ئامادەیبون، لە هۆڵى (VIP) بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا دکتۆر ساڵح زێبارى سەرۆکى بەشی نیوتریشن و دایەتێتکس بەخێرهێنانى ئامادەبوان کرد و: وتى ڕێکخستنى ئەم وۆرکشۆپە لە چوارچێوەى کارە بەردەوامەکانى بەشەکەمان دێ بۆ ئاگاداربون لە دواین پێشکەوتنە زانستیەکان لە بوارە جیاکان و، زیندوکردنەوەى ڕۆژ جیهانیەکان بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانى کۆمەڵگەیەکى تەندروست.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر لە وتەیەکدا دواى دەستخۆشیکردن لە بەشى نیوتریشن و دایەتێتکس و ڕێکخەرانى وۆرکشۆپەکە وتى: زانکۆ لەگەڵ پێگەیاندنى نەوەکانى داهاتوو بەپێى پسپۆڕییەکانیان، لەهەمانکاتدا ئەرکى زانکۆیە بەردەوام هەوڵ بدات بۆ خزمەتکردنى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە، لە بوارى تەندروستیش پێشکەشکردنى هۆشیارى تەندروستى ئەرکێکى گرنگى زانکۆیە، چونکە هەڵگرى پەیامى زانستیە زوتر ڕێگەچارە زانستیەکان دەزانێ، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى: مایەى خۆشحاڵیمانە لە ماوەى ڕابردودا ئێمە تاڕادەیەکى باش وەک زانکۆى جیهان-هەولێر ئەو کارەمان جێبەجێکردەوە و، چەندین کار و چالاکى جیامان ئەنجامداوە، هیواشى خواست ئەو وۆرکشۆپە بەدیهێنەرى ئامانجەکانى بێ.
لە بەشێکى دیکەى وۆرکشۆپەکەدا، دکتۆر نەرمین تەها پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و نەخۆشیەکانی مەمک وتى: شێرپەنجەى مەمک وەک ئامارە جیهانیەکان ئاشکرایان کردوە یەکێک لە نەخۆشیە بڵاوەکان و، ساڵانە بەملیۆنان ژن بەهۆى شێرپەنجەى مەمک کۆچى دوای دەکەن، هەربۆیە لەسەر ئاستى جیهان مانگێک دیاریکراوە بۆ هوشیاریی ڕوبەڕوبوونەوەی شێرپەنجەی مەمک، وتیشى ئێمە وەک پسپۆڕانى بوارەکە لەو مانگەدا لە زۆربەى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و دامەزراوە جیاکان بەشدارى دەکەین و، کار بۆ هۆشیارکردنەوەى ژنان و کچان و ئافرەتان دەکەین، چونکە ئەوە نەخۆشیەکە پێویستى بەهۆشیارى هەیە، ئاشکراشیکرد هۆشیارى پێش وەختە هەنگاوێک بۆ بەرگەگرتن لەو نەخۆشیە، پاشان بەشێوەیەکى زانستى و بەداتاشۆ باسى لە نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک بەلابردنی بەشێکی مەمک و خاوێنکردنەوەی لیمفە گرێکانی بن باڵ کرد.
لە کۆتایى بابەتەکەیدا دکتۆر نەرمین تەها کۆمەڵێک ئامۆژگارى خستەڕوو وتى: پێویستە ژنان پابەند بن بە خۆپشکنینى مانگانە و سەردانى پزیشک بکەن لە کاتى هەست پێکردنى هەرنیشانەیەک کە پێشتر نەیبوون، هاوکات بەدواداچوون و پشکنینى پێشوەختەى ساڵانە بکرێت بۆ هەموو ژنێک واتە پشکنینى کلینیکى و تیشکى مەمۆگرافى بە گوێرەى تەمەن، وتیشى هەموو ژنێک زۆر پێویستە ژمارەى تووشبووانى شێرپەنجەى مەمک لە نێو خزم و کەسە نزیکەکانى لەبەرچاو بگیرێت چونکە کاریگەرى زۆرى هەیە لەسەر بەرزبوونەوەى رێژەى تووش بوون لەو خێزانە، لە کۆتایشدا، وتى: نابێ ژنان گوێ لەو کەسانە بگرن، کە پسپۆڕ نین و ئامۆژگارى هەڵە و نازانستى نەخۆش دەکەن.