وەزارەتی خوێندنی باڵا سوپاس و پێزانین ئاراستەی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکات بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ
لە بەرانبەر هەڵوێستە مرۆیی و نیشتمانییەکانیدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر کرد.
ئەم دەستخۆشییەی وەزارەت لە پای بەشداریی کارا و کاریگەرانەی زانکۆی جیهان-هەولێر دێت لە کەمپینی هاوکاریکردن و پێشکەشکردنی کۆمەکی دارایی بەو هاوڵاتی و خێزانانەی کە لە قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری تووشی زیان بوونەتەوە.
لە نوسراوێکی فەرمیدا کە ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی ١٧/١٢/٢٠٢٥ بە واژۆی (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە، تیایدا هاتووە: “وێڕای دەستخۆشیمان، سوپاس و پێزانینی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاراستەی بەڕێزتان دەکەین، لەبەرانبەر بەشداری و پێشکەشکردنی کۆمەکی دارایی بە زیانلێکەوتوانی خەڵکی چەمچەماڵ و دەوروبەری.”
هەر لە نوسراوەکەدا، وەزیری خوێندنی باڵا هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ زانکۆی جیهان-هەولێر خواستووە لە کارە زانستی و مرۆییەکانیدا.
زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکێک لە زانکۆ پێشەنگەکان، هەمیشە لە پاڵ لایەنە ئەکادیمییەکەیدا، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەدەمەوەچوونی پێویستییە مرۆییەکان لە کاتی تەنگژە و ڕووداوە نەخوازراوەکاندا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی زانکۆکەیە بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (١٦/١٢/٢٠٢٥) شاندێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەسەرۆکایەتى دکتۆر ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى شارۆچکەى چەمچەماڵیان کرد و، هاوکارى زانکۆکانیان گەیاندە شارۆچکەکە.
لەو چوارچێوەیەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، هاوەڵى شاندەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد و، کۆمەک و هاوکارى زانکۆى جیهان-هەولێرى گەیاندە شارۆچکەکە.
هەر لەو بارەیەوە پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: لەم کەمپینەدا سەرۆکایەتى زانکۆ و مامۆستایان و ستافى ئەکادیمى و فەرمانبەران و فێرخوازانى زانکۆکەمان لە ڕووى ماددییەوە بەشداریان کرد، جگە لەوەش زانکۆکەمان بڕیاریدا کۆمەڵێک کتێب و سەرچاوەى زانستى پێشکەش بە کتێبخانەى گشتى چەمچەماڵ و زانکۆى چەرمۆ دەکات، بۆ ئەوەى کتێبخانەکانى سنورەکە ببوژێنینەوە و فێرخوازان و زانستخوازان و خەڵکى سنورەکە سودى لێ وەربگرن.




