زانکۆی جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندییەکی نوێی جیهانیدا؛ وەک یەکێک لە زانکۆ هەرە ژینگەدۆست و پەرەپێدەرەکانی جیهان بۆ ساڵی 2025 دەستنیشانکرا
لە هەنگاوێکی ستراتیژی نوێدا بەرەو جیهانیبوون و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، زانکۆی جیهان-هەولێر بە فەرمی بڕوانامەی ڕیزبەندی جیهانی (UI GreenMetric World University Rankings 2025)ی بەدەستهێنا.
بەپێی ئەو بڕوانامە نێودەوڵەتییەی کە لەلایەن ڕێکخراوی (UI GreenMetric) و زانکۆی ئەندەنوسیا (Universitas Indonesia) دەرچووە، زانکۆی جیهان-هەولێر توانی پلەی (1086) لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهان بەدەستبهێنێت وەک یەکێک لە “بەردەوامترین و ژینگەدۆستترین زانکۆکانی جیهان” بۆ ساڵی .2025
گرنگی ئەم دەستکەوتە ئەکادیمییە:
ڕیزبەندی (UI GreenMetric) یەکێکە لە باوەڕپێکراوترین ڕیزبەندییە جیهانییەکان کە ساڵانە هەڵسەنگاندن بۆ زانکۆکان دەکات لەسەر بنەمای پابەندبوونیان بە پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی بەردەوام. ئەم هەڵسەنگاندنە چەندین تەوەری سەرەکی دەگرێتەوە، لەوانە:
- ژێرخانی کەمپەس و فەزای سەوزایی.
- بەڕێوەبردنی وزە و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
- شێوازی مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان . (Waste Management)
- سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانەوەی.
- سیستمی گواستنەوەی مۆدێرن و کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان.
- توێژینەوەی زانستی و پەروەردەیی لە بواری ژینگەدا.
بڕوانامەکە کە لە ڕێکەوتی 5ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەرچووە و لەلایەن د. ڤیشنو جوونو – Dr. ) Vishnu Juwono)، سەرۆکی دامەزراوەی (UI GreenMetric) واژۆ کراوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سەرکەوتنی زانکۆی جیهان-هەولێر لە گۆڕینی کەمپەسی زانکۆ بۆ ژینگەیەکی تەندروست و مۆدێرن کە هاوتایە لەگەڵ ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام (SDGs)ی نەتەوە یەکگرتووەکان.
سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەم دەستکەوتە بەشێکە لە دیدگای درێژخایەنی زانکۆکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەک جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی کواڵێتی کەمپەس و بەهێزکردنی ەولتووری ژینگەدۆستی لەناو ناوەندە ئەکادیمییەکاندا.
ئەم ڕیزبەندییە نوێیە و پێشکەشکردنى ئەو بڕوانامەیە بە زانکۆ، پێگەی زانکۆی جیهان-هەولێر لە نەخشەی زانکۆ پێشەنگەکانی ناوچەکە بەهێزتر دەکات و دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی زیاتر لە بوارەکانی پاراستنی ژینگە و وزەی نوێبووەوە.





