یاری کۆتایی خولى تۆپى پەرمووچ بۆ کچانى زانکۆى جیهان بەڕێوەچوو
لە یارى کۆتایی خولى تۆپى پەڕەمووچ بۆ فێرخوازانى کچ، کە لە نێوان دوو فێرخوازى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، بەیەکێک لە یارییە گرنگەکانى ئەو خولە دادەنرا، چونکە پاڵەوانى خولەکەى تێدا دەستنیشان کرا، هەربۆیە یاریزانان زۆر بەهێزى یارییەکەیان دەکرد.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١١/٤/٢٠٢١)، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر یارى کۆتایی خولى تۆپى پەرەمووچ لە نێوان یاریزانان (کاژین خۆزندە تەها) فێرخوازى قۆناغى سێیەم لە بەشى پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان و، (کانیاو عومەر حسین) فێرخوازى قۆناغى یەکەم لە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان بەڕێوەچوو.
لەو یارییەدا، کە لە نێو گڕوتینى یاریزانان و هاندەران لە یاریگەى داخراوى زانکۆى جیهان- هەولێر بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا یاریزان (کانیاو عومەر حسین) فێرخوازى قۆناغى یەکەم لە بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان توانى بەبردنەوەى (٢) گیم بەرامبەر بە(سفر) ناسناوى یارییەکە بۆ خۆى مسۆگەر بکات و یاری کۆتایی بباتەوە.
لە پێناو بایەخدان و ئاوەڕلێدانەوە بەلایەنى وەرزشى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ساڵانە و لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى جۆراوجۆر لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش لە چوارچێوەى ئەو چالاکیانە دێ، کە فێرخوازان لە بەشە جیاکان بەگڕوتین بەشدارییان تێدا کرد و توانا وەرزشییەکانیان خستەڕوو.
یارى تۆپى پەرمووچ یەکێکە لە یارییە وەرزشییە گرنگەکان، کە خاوەن تایبەتمەندى خۆیەتى و، پێویستى بەوردى و شارەزایی و لێهاتووییەکى زۆرى یاریزانان هەیە، هەربۆیە یاریزانانى کچ لە ماوەى بەڕێوەچوونى ئەو خولەدا زۆر بەوردى یارییەکانیان ئەنجامدەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى مەداڵیاى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.