بۆ جارى دووەم زانکۆیەکى هەرێمى کوردستان کۆنفرانسێکى زانستى بەسەرکەوتوویی بەڕێوەدەبات
بەچاودێرى (دکتۆر ئارام محەمەد قادر) وهزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی و بەئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژەرانى بیانى و ناوخۆى و عێراقى، زانکۆى جیهان-هەولێر سێیەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى بۆ زانستە کارگێڕی و داراییەکان بەڕێوەبرد.
ئەو کۆنفرانسەدا، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٧/٤/٢٠٢١)، بەڕەچاوکردنى ڕێنماییەکانى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە زانکۆى جیهان-هەولێر و بەئامادەبوونى (دۆمینێک موسێل) کۆنسڵى پۆڵندا لە هەرێمى کوردستان و، ژمارەیەکى بەرچاو لە ئەکادیمیستان و توێژەران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستى پێکرد.
پاشان پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى سەرۆکى زانکۆ و ڕاگر و مامۆستایان و توێژەران و میوانان بەگرنگیەوە باسى لە بوارى کارگێڕى و دارایى بۆ پێشخستنى کۆمەڵگە کرد و ڕایگەیاند: “بوارى کارگێڕى و دارایی یەکێکە لە بوارە گرنگەکانى کارى حکومڕانى و دەوڵەتدارى، هەربۆیە وڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهان بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕۆتینى کارگێڕى و شەفافیەت لە بەڕێوەبردنى لایەنى داراییدا، هەنگاوى زۆر گرنگیان لەو بوارە ناوە و دەسکەوتى گەورەشیان بۆ گەلەکانیان بەدەستهێناوە، بێگومان هەموو ئەو هەنگاو و کردارانەى لەو بوارانە ناویانە بەهۆى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى بووە لە بوارى کارگێڕى و دارایی بەتایبەت”.
سەبارەت بەکۆنفرانسەکە، سەرۆکى کۆنفرانس لە وتارەکەیدا ڕاگەیاند: ‘ لە ڕێگەی ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەوە باس لە بابەتەکانی بەڕێوەبردن و زانستە داراییەکان دەکەین، دید و ڕوانگەی توێژەر و زانایانی بوارە جیاوازەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا ئاوێتەى یەکتر دەبن و بیرۆکەى نوێ گەڵاڵە دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆى پتەوبوون و بەهێزکردنى ئەنجام و ڕاسپاردە و دەرئەنجامە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس”. لە خوارەوە دەقى وتارەکەى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دانراوە.
دواى ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسەکە، بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستپێکرد، کە تایبەت بوو بە “ئاسۆکانی پێشکەوتنی پیشەیی لە زانستە کارگێڕی و ژمێریاری و داراییەکان”، بۆ ئەوەش چەند توێژینەوەیەک پێشکەشکران.
لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دوو ڕۆژى خایاند، تیایدا (٤٦) توێژینەوەی ئاست بەرز پێشکەشکران، لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان توێژەران بە (١٩) توێژینەوە بەشداریان کرد، هەروەک (١٨) توێژینەوەى زانکۆکانى عێراق لە ڕۆژانى کۆنفرانس خرانەڕوو، لەهەمانکاتدا (٩) توێژینەوەى توێژەران لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان بەتایبەت لە زانکۆکانی (بەریتانیا، پۆڵەندا، مالیزیا، هیندستان، تورکیا، ئوردن، میسر و قەتەر) خرانەڕوو، سەربارى ئەوەش کۆنفرانسەکە، لەلایەن ژمارەیەک قسەکەر (Keynote speakers) بەڕێوەچوو.
زانکۆی جیهان-هەولێر وەک یەکێکە لە زانکۆ پێشەنگەکانى هەرێمى کوردستان، لە ڕێگەى پێشکەشکردن و بەستنى ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتیە زانستیە جۆراوجۆرانە، توانیویەتى ڕۆڵی گرنگ بگێڕى لە پێشخستن و بوژانەوەى سەرخانى هەرێمى کوردستان و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانى کۆمەڵگە و پتەوکردنى پایەکانى بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق و چارەسەرکردنى کێشە دارایی و کارگێڕییەکانى هەرێمى کوردستان.
لە کۆتایى کۆنفرانسەکەشدا، کە ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٨/٤/٢٠٢١) لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى جیهان بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد صابر دەلۆ) وتارێکى پێشکەش کرد، لە وتارەکەیدا سوپاسى هەموو لێژنەکانى ئامادەکار و بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکە کرد. لە کۆتایشدا، بڕوانامەى بەشداربوون بەسەر توێژەران و ئامادەکارانى کۆنفرانسدا دابەش کرا.
بەو شێوەیە زانکۆى جیهان-هەولێر کۆتایی بە سێیەمین كۆنفرانسی نێودهوڵهتی بۆ زانستە کارگێڕى و داراییەکان هێنا، وە بڕیارە بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێ بۆ جێبەجێکردنیان.
ئەوەش دەقى وتارەکەى پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
بسم الله الرحمن الرحيم
(شَهِدَ اللَّهُ أَنَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ وَالْمَلَائِكَةُ وَأُولُو الْعِلْمِ قَائِمًا بِالْقِسْطِ لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ)
[آل عمران: 18].
بەڕێزان، سەرۆکى زانکۆکان، ڕاگرى کۆلێژەکان، مامۆستایان، توێژەران و میوانانى خۆشەویست….
هیواى ڕۆژێکی خۆش بۆ هەمووتان دەخوازم، بەخێربێن بۆ سێیەمیین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکان، کە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی وارسۆ لە ماوەى (٧- ٨ی نیسان/٢٠٢١) ڕێکیخستووە.
بوارى کارگێڕى و دارایی یەکێکە لە بوارە گرنگەکانى کارى حکومڕانى و دەوڵەتدارى، هەربۆیە وڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهان بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕۆتینى کارگێڕى و شەفافیەت لە بەڕێوەبردنى لایەنى داراییدا، هەنگاوى زۆر گرنگیان لەو بوارە ناوە و دەسکەوتى گەورەشیان بۆ گەلەکانیان بەدەستهێناوە، بێگومان هەموو ئەو هەنگاو کردارانەى لەو بوارانە ناویانە بەهۆى ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى بووە لە بوارى کارگێڕى و دارایی بەتایبەت.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیەى کە ئاماژەم پێدا، گرنگى بەستنى ساڵانەى ئەم کۆنفرانسە زانستیانە لەلایەن زانکۆى جیهان بۆ کۆمەڵگەى زیاتر دەکات، چونکە لە بوارى کارگێڕى و چۆنیەتى بەڕێوەبردن و داراییدا پێویستمان بەئەزموون و توێژینەوەى زیاتر هەیە.
زانستخوازانى خۆشەویست
بەخۆشحاڵیەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنى ئەم کۆنفرانسە، لەلایەن توێژەران و پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان پێشوازییەکى گەرمى لێکرا، بەشێوەیەک (٧٧) توێژینەوەى زانستى گەیشتە دەستى لێژنەى ئامادەکارى کۆنفرانس، کە دواتر لەلایەن لێژنەیەکى تایبەت هەڵسەنگاندنى زانستى بۆ سەرجەمیان کرا و، لە ئەنجامدا (٤٦) توێژینەوەیان بۆ کۆنفرانس پەسند کران و (٣١)یشیان ڕەتکرانەوە.
ژمارەی توێژینەوە زانستییە پەسندکراوەکان لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و جیهان بەم شێوەیە بوو: (١٩) توێژینەوە لە زانکۆکانى هەرێمی کوردستان، (١٨) توێژینەوە لە زانکۆکانى عێراق، لەهەمانکاتدا (٩) توێژینەوە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى جیهان پەسندکران، هاوکات کۆنفرانسەکە بەبەشدارى بەبەشدارى (١٥) توێژەر لە زانکۆکانی (بەریتانیا، پۆڵەندا، مالیزیا، هیندستان، تورکیا، ئوردن، میسر و قەتەر) بەڕێوەدەچێت، هەروەک ژمارەى قسەکەرانی سەرەکى کۆنفرانس (Keynote speakers) بریتین لە چوار کەسى پسپۆڕ و شارەزاى بوارە.
ئامادەبوونی بەڕێز….
بەستنى ئەم کۆنفرانسە، تەنیا دوو ڕۆژ دوای بەستنى کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی زانستى هاوشێوە دێ، کە لەبارەى تەلارسازی و شارستانى لەم شوێنە بەڕێوەچوو، بەڕێزان لەلاى ئێوە شاراوە نیە، کە لە ڕێگەی ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەوە باس لە بابەتەکانی بەڕێوەبردن و زانستە داراییەکان دەکەین، دید و ڕوانگەی توێژەر و زانایانی بوارە جیاوازەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا ئاوێتەى یەکتر دەبن و بیرۆکەى نوێ گەڵاڵە دەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆى پتەوبوون بەهێزکردنى ئەنجام و ڕاسپاردە و دەرئەنجامە و پێشنیازەکانى کۆنفرانس.
ئامادەبووانى کۆنفرانس….
لە کۆتایدا، بەناوی خۆم و بەناوى زانکۆی جیهان- هەولێر و کۆمیتەى ئامادەکاری کۆنفرانس، دووبارە بەخێرهاتنی ئێوەى بەڕێز و نوێنەرانى زانکۆ و دەزگا و دامەزر جیاکان دەکەم، هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی ئەم کۆنفرانسە دەخوازم، پەیمانى ئەوە دووپات دەکەینەوە کە زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ هەمیشە وەک ناوەندێکى ئەکادیمى گرنگ دەرگاى بەڕووى زانستخوازان و ئەکادیمیستان کراوە دەبێ لەپێناو چالاککردنی بزووتنەوەی توێژینەوەی زانستی .
هەر ساخ و سەلامەت بن
پرۆفیسۆر دکتۆر
ئەمجەد صابر دەلۆى
سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر
سەرۆکى کۆنفراس