بەشی کارگێڕی گشتی سیمپۆزیۆمێکی بۆ فێرخوازانى بەشەکەى ڕێکخست
ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى (11/10/2022) بە سەرپەرشتی دکتۆر سەمیر سەڵاح الدین حەمدی سەرۆكی بەشى کارگێڕى گشتى لە زانکۆى جیهان، فێرخوازانى قۆناغی دووەم بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمێكی زانستی بەناونیشانی (چەمكی دارایی گشتی) كرد .
لە سیمپۆزیۆمەکەدا باس لە چەند تەوەرێک کرا، لەوانە پێناسەی چەمکی دارایی گشتی، جۆرەکانی دارایی گشتی، پەیوەندی دارایی گشتی بە ئابووری و یاسا و زانستەکانی دیکە، بۆ ئەوەش فێرخوازان بەجیا چەمکی دارایی گشتییان ڕوون کردۆەوە، کە توێژینەوە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامرازە داراییەکان دەکات لە خەرجییە گشتیەکان و داهاتی گشتی بەرەو گەیشتن بە ئامانجەکانی دەوڵەت کە لە فەلسەفەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە.
لە تەوەرێکى دیکەدا، فێرخوازان باسیان لە پەیوەندی دارایی گشتی لەگەڵ ئابووری كرد، بەو پێیەی پەیوەندی بەو بەشە هەیە، كە كاریگەری لەسەر یەكتری دەکەن، چونکە داهات و خەرجییە گشتیەكان ئامرازێكی گرنگن بۆ كاریگەری دروستکردن لەسەر ئابووری، زۆرێك قەیرانە ئابوورییەکان، وەک هەڵاوسان و دابەزینی نرخ، دەتوانرێت بە سیاسەتێکی دارایی عەقڵانی لە ڕێگەی باج و خەرجییەکانەوە کەم بکرێتەوە، هەروەها ئامانجی هەردوو دارایی و سیاسەت، بریتییە لە بەدەستهێنانی هاوسەنگی ئابووری.
لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا، فێرخوازان باسیان لە پەیوەندی نێوان دارایی گشتی و یاسا کرد، لەوانە: یاسای ڕێکخستنی بودجەی گشتی، یاسای باجی داهات، یاسای باجی خانووبەرە. هەروەها ئەوەش ڕونکرایەوە، کە دارایی گشتی جیاوازە لە دارایی تایبەت، ئینجا لە ڕووی ئامانجەوە بێت، یان لە ڕووی بەرپرسیارێتی و کۆنترۆڵەوە، یاخود لە ڕووی ئامرازەکانی کۆکردنەوەی داهات و خەرجییەکانەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی سوودی گشتی.