
بە کۆمەڵێک ڕاسپاردەى گرنگ؛ زانکۆی جیهان-هەولێر کۆتایی بە کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی قەڵەوی هێنا
- Posted by University Press
- Date تشرینی یەکەم 24, 2026
زانیارییە سەرەکییەکان: لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتی 22/10/2026، زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بەرسامی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدان و داهێنان، بە خستنەڕووى کۆمەڵێک ڕاسپاردەى گرنگ کۆتایی بە کارەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی «قەڵەوی: سەردەمێکی نوێی 2026 – خۆپاراستن، چارەسەرکردن و چاودێریی فرەپسپۆڕی» هێنا.
کۆنفرانسەکە 4 سیمیناری سەرەکی، پانێڵێکى فرەپسپۆڕی، وۆڕکشۆپی نێودەوڵەتی و پیشانگەی بوارەکانی تەندروستی گرتەوە.
دامەزراندنی سەنتەرێکی تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی: لە ڕێوڕەسمی کۆتاییدا، پڕۆفیسۆڕ دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و سەرۆکی کۆنفرانس، وتارێکی بڕیاردەرانە و پڕ لە بیرۆکەی زانستیی پێشکەش کرد، کە تیایدا جەختی لەسەر پێویستیی جێبەجێکردنی پرۆسەییی ڕاسپاردە زانستییەکان کردەوە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی پێشنیازی فەرمیی زانکۆ بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی تایبەتمەند بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی (Obesity Treatment Center) لە ناو حەرەمی زانکۆی جیهان-هەولێر.
جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان: پڕۆفیسۆڕ دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ هەر لە میانەى وتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنفرانسەکان تەنها بۆ ئاخاوتنی دوو ڕۆژە نین، بەڵکو گرنگترینیان جێبەجێکردنی پرۆسەیی سەرنجە زانستییەکانە تا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خزمەتی کۆمەڵگە بکات.
هەروەها تیشکی خستە سەر مەترسیی پەنابردن بۆ دەستکارییە نەشتەرگەرییە خێراکان وەک بڕینی گەدە، تەکمیم و هێنانی تەنە نامۆکان بۆ جەستە (وەک باڵۆن یان ڕێکارە جوانکارییە ناپێویستەکانی دی)، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ سروشتی جەستە و پەیڕەوکردنی ڕێنمایییە تەندروستییە ڕاستەقینەکان باشترین هەنگاون بۆ دوورکەوتنەوە لە شوێنەوارە نەرێنییەکان .
بەگەڕخستنی تیمی زانستی و نەخشەی کار: لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر ئامادەیی تەواوی سەرۆکایەتی زانکۆی دووپات کردەوە بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستی و سەرچاوە دارایی و لۆجیستییەکان بۆ ئەم سەنتەرە.
داوای لە سەرجەم پێشکەشکارانی سیمینارەکان و (Keynote Speakers)و، سەرپەرشتیارانی وۆڕکشۆپەکە و، پزیشکانی پسپۆڕ کرد تا لەگەڵ تیمی کۆلێژەکەدا ببنە هاوکار، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: کە پێویستە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە کۆبوونەوە پرۆسەیییەکان دەست پێ بکەن بۆ ئامادەکردن و دانانی پێکهاتەی ڕێکخستنیی سەنتەرەکە.
دەستکەوتە ئەکادیمییەکان: پڕۆفیسۆڕ دکتۆر ئەمجەد صابر دەلۆ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕابردوویەکی سەرکەوتووی هەیە لە وەرگێڕانی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان بۆ پرۆژەی کردەیی، لەوانەش هێنانی پسپۆڕانی تەلارسازی و ماستەرپلانی وارسۆ بۆ داڕشتنی ستانداردەکانی بیناسازی لە کوردستاندا.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی زانکۆ سوپاسی سەرجەم میوانان و ئامادەبووانی کرد و داوای کرد هەر تێبینی و هەڵسەنگاندنێکیان هەیە پێشکەش بکەن تا لە کۆنفرانسە زانستییەکانی داهاتوودا سوودی لێ ببێنرێت.
دابەشکردنی بڕوانامەکان: ڕێوڕەسمەکە بە دابەشکردنی بڕوانامەی ڕێزلێنان و بەشداری بەسەر توێژەران، ئامادەکاران و، لێژنە ڕێکخەرەکاندا کۆتایی هات.



